دانیشتوانی گوندەکانی شاری دێلفان سەر بە پارێزگای لۆڕستان لەگەڵ کێشەی زۆر بەرەوڕوون.
نەبوونی ڕێگاوبانی پێویست، ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە، نەبوونی گاز و ئیمکانات بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ و جووتیاری بووەتە هۆی کۆچکردنی خەڵکی گوندەکانی شاری دێلفان بۆ شارەکانی دیکە.
خەڵکی گوندی «سەر کەمره» سەر بە شاری دێلفان لە بێبەشترین ناوچەکانی پارێزگای لۆڕستانن، دانیشتوانی ئەم گوندە و چەند گوندێکی دیکەی ئەو ناوچەیە لەو بارەوە وتوویانە:”نەبوونی ڕێگەوبان بۆ هاتووچۆ لەگەڵ گوند و شارەکانی دەوروبەر کێشە و زەحمەتێکی زۆری دروست کردووە تەنانەت لە وەرزی سەرما و بەستەڵەک دەبێ بە تراکتۆر هاتووچۆ بکەین و ئەگەر کەسێکمان نەخۆش بێت ئیتر ئەوە کێشەیەکی مەترسیدار دەبێ و گوندەکانی ئێمە هیچ، ڕێگەوبانی نییە دەبێ بۆ چۆڕێک ئاوی خاوێن سەدان میتر لە گوندەکان دووربکەوینەوە و بە گاڵۆن ئاو بهێنین”.
جێی ئاماژەیە کە تا ئێستا ناوەندە پێوەندیدارەکان و بەرپرسانی پارێزگای لۆڕستان هیچ ئاوڕێکیان لە دانیشتوانی ئەو گوندانە نەداوەتەوە و هیچ هەوڵێکیشیان نەداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە.