پارلمانی ئاڵمان بڕیارنامەیەکی 18 ماددەیی پەسەند کرد و هاوکات لەگەڵ ئەوەدا وێڕای ئاماژە بەو کردەوە دژەمرۆییانە لە ئێران داوای لە حکومەتی ئاڵمان کرد کە لە پیوەندیی و وتووێژەکانی لەگەڵ حکومەتی ئێران باسی مافی مرۆڤ وەک خاڵێکی سەرەکی و گرینگ بێنێتە گۆڕێ.
لەم بڕیارنامەیە کە ڕۆژی شەممە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا، هەروەها لە دەوڵەتی ئاڵمان داوا کراوە کە سەبارەت بە پرسی بەرنامەی مووشەکی و یارمەتی گرووپە تێرۆریستییەکان، لێپرسینەوە لە ئێران بکرێت و بخرێتە ژێر گوشار.
لەم بڕیارنامەیە کە بە پشتیوانی پێنج حیزبی سەرەکیی ئاڵمان، لەوانە حیزبی دێموکرات مەسیحی و حیزبی سۆسیال دێموکرات (حیزبە سەرەکییەکان) پەسەند کراوە، داوا لە دەوڵەت کراوە کە بەرانبەر بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسی، هەڵسوکەوت و کردەوەکانی دژە ژنان، پێشێلکاریی ماف و ئازادی کەمینە ڕەگەزی و ئایینیەکان، پێشێلکردنی ئازادی بەیان و سەرکوتی ڕۆژنامەوان و چالاکانی مەدەنی و بەرگری لە دەسبەسەرکردن و لەسێدارەدان و ڕەوتی سەرەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێست بگرێت.
لەم بڕیارنامەیەدا هەروەها بە ئاماژە بە لە سەرەڕۆیی و توندوتیژیی دەزگا ئەمنییەکان لە ئێران، لە دەوڵەتی ئاڵمان داوا کراوە کە لە هەموو ئامرازەکانی خۆی بۆ پێشگرتن لە ئێعدامی چالاکانی مەدەنی وسیاسی لە ئێران هەوڵ بدات.