بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕێکخراوی دژە تێرۆر لە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە هێرش بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە کراوە.
ڕێکخراوی دژە تێرۆری هەرێمی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەسەر باڵی ئەو دڕۆنانە نووسرابوو” سڵاو بۆ تۆ ئەی جەماڵی عێراق” و ئەم نووسراوە ئاماژەیە بۆ “ئەبوو مێهدی موهەندیس”، کە لە دەسپێکی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سپای قودس کوژرابوون.
هەروەها لەسەر باڵێکی دیکەی دڕۆنەکە نووسرابوو” قاسم ئەلجەبارین” کە ناوی یەکێکە لە گرووپە میلیشیاکانی حیزبوڵای عێراقی سەر بە ڕێژیمی ئێران و ئەم گرووپە شارەزایی مینڕێژکردنی جاددە و شەقامەکانە بۆ تەقاندنەوەی ماشێنە بارهەڵگرەکانی ئەمریکا.
جێگای ئاماژەیە کە ڕؤژی شەممە ٥ی پووشپەر لە ڕێگای چەند درۆنێکەوە هێرش کرایە سەر گوندی براغ لە ۳کیلۆمیتریی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.
هێرشەکە لە ڕێگای چەند درۆنێکی پر لە تەقینەوەوە ئەنجام دراوە و سەرچاوە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەیان بە هێرشێکی دیکەی لەو چەشنە لە نزیک گۆمەسپان لە هەولێر کردووە.