جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ مانەوەی نزیکەی 900 هێزی ئەمریکایی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی ڕۆژاوا.
دوو بەرپرسی ئەمریکایی بە ناوی جۆی هوود ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک و پاتریک وێرمەن بریکاری سەرۆکی نووسینگەی هاوپەیمانیی دژیداعش لە پرێس کۆنفرانسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیان کردە سەر بەردەوامبوونی ئەمریکا لە پشتیگریکردنی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی ڕۆژاوا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان ئەو پرێس کۆنفرانسە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە و جۆی هوود لەو بارەیەوە دەڵێت: ئێمە خوازیاری ئەوەین بوونی سەربازیی سنووردار بکرێت بەمانەوە لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریە لە بەر ئەوەی بە یارمەتیی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک بەردەوام بین لە بەرپەرچدانەوەی داعش و سەقامگیرکردنی ناوچە ئازادکراوەکانی بندەستی داعش.
هەروەها پاتریک وێرمەنیش ئاماژەی بەوە کرد کە جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا پشتگیریی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان دەکات، ئەوەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش.
ناوبراو جەختیشی کردۆتەوە کە هاوپەیمانیی دژیداعش زیانی کەمی لە شەڕی داعشدا بینیوە بەڵام کوردەکان ئەرکی سەرەکیی ئەو شەڕەیان لەسەر شان بووە و نزیکەی 10 هەزار کەس لەو هێزانە لە شەڕی داعشدا گیانیان بەخت کردووە.