ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکیی ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران تا ئێستا وڵامێکی ڕوونی سەبارەت بە درێژکردنەوەی دوو لایەنە نەداوەتەوە و دەبێ بەپەلە لەو بارەوە وڵامدەر بێ.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، ڕافایل گرووسی، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانس، ڕۆژی هەینی ٤ی پووشپەڕ، لەو پێوەندییەدا ئەندامانی شۆرای بڕیاردانی ئاگادار کردۆتەوە و هەر وەها جەختی لە سەر بەردەوامیی کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە چالاکییەکانی تاران لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا کردەوە.
پێشتریش مەحموود واعێزی، بەرپرسی دەفتەری حەسەن ڕووحانی، ڕایگەیاندبوو کە شۆرای باڵای ئاسایشی ڕێژیمی ئێران، لەو بارەوە بڕیار دەدا بەڵام ئاماژەی بە ڕێکەوتی بڕیاردانەکە نەکردووە.
ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٤ی پووشپەر، لەو بارەوە هۆشداریدا کە ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکیی ئەنجام نەدرێ جێی نیگەرانییە و دەبێ چارەسەر بکرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی بلومبێرگ ئەگری ئەوە هەیە کە رێژیمی ئێران زانیارییە هەستیارەکانی سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی پێوەندیدار بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بسڕێتەوە.