مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوت و پیشەی پێترۆشیمی لە پێنجەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوامە و کۆمپانیاکانی پاڵاوگەی کەنگان و کۆمپانیای پایندانی بەندەر عەباس و پاڵاوگەی نەوتی ئیسفەهان، پەیوەستبوون بە مانگرتنە کرێکارییەکانەوە.
ئەم نارەزایەتیگەلە بە مانگرتنی کرێکارانی پیشەیی نەوت وگاز و پێترۆشیمی لە ڕۆژاوای ئێران دەستی پێکرد و پاش دەرکردنی ٧٠٠کەس لە کرێکارانی پاڵاوگەی نەوتی تاران مانگرتنە گشتییەکان بەربڵاوتر بۆتەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کرێکارانی ناڕازی زۆرتر پەیوەستبوون بە کەمپەینی” ١٤٠٠” بۆ مانگرتنە گشتییەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، کرێکارانی پاڵاوگەی ماهشەهر، پاڵاوگەی ڕامینی ئەهواز، کۆمپانیای نەوتی دەماوەند، وێستگەی بووستان وعەسەلوویە، کۆمپانیای ئیندیکای پیشەیی ئاسیا، پارس کەیهان، کۆمپانیای دیپلیمری عەسەلوویە، وێستگەی ورمێ، کڕێکارانی گرێبەستی کۆمپانیای فەرافەنی قشم، دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتیی دەربڕین.
شایانی باسە کە چالاکانی کرێکاریی سەندیکای کڕیکاری نەیشەکەری حەوت تەپە، سەندیکای کرێکاریی شوفێر پاسەکانی تاران و شۆرای خانەنشینکراوانی ئێران پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتنە گشتییەکانی کڕێکاران لە هەموو شارەکانی ئێران دەربڕیوە .