فه‌رهاد پیرۆتی زیندانی سیاسیی كورد، چواره‌مین مانگی حوكمی ٥ ساڵ زیندانی خۆی له زیندانی مه‌هاباد تێپه‌ڕ ده‌كا. ناوبراو به تۆمه‌تی “پڕوپاگه‌نده به‌دژی ئه‌منیه‌تی میللی” و “هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی دژبه‌ری نیزام” حوكمی ٥ ساڵ زیندانی ته‌عزیری به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی هێرانا، فه‌رهاد پیرۆتی خوێندكاری ئه‌ندازیاریی ئێلێكترۆنیكی زانكۆی په‌یامی نووری سه‌رده‌شت، ڕێكه‌وتی ٢٥ی به‌فرانباری ساڵی ڕابردوو له لایه‌ن مه‌ئمووره‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌م شاره له شوێنی كاره‌كه‌ی خۆی ده‌ستبه‌سه‌ر كرا.
ئه‌م خوێندكاره كورده پاش چه‌ند ڕۆژ لێكۆڵینه‌وه و ڕاگیران له گرتنگه‌دا، ڕاپێچی زیندانی ناوه‌ندیی سه‌رده‌شت كرا و له نێوه‌ڕاستی مانگی ڕێبه‌ندان به دانانی ١٥٠ میلیۆن تمه‌ن بارمته له زیندان ئازاد كرا.
دادگای ئینقلابی سه‌رده‌شت به سه‌رۆكایه‌تیی نه‌ورۆزی، حوكمی ٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی ته‌عزیری به‌سه‌ر فه‌راهاد پیرۆتی دا سه‌پاند. ئه‌م حوكمه له لقی ١٠ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی شاری سه‌رده‌شت بۆ 5 ساڵ زیندان كه‌م كرایه‌وه.
پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی دژبه‌ری ڕێژیم له ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و چالاكی و ته‌بلیغ كردن له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا”، “دۆزرانه‌وه‌ی وێنه و وتار به‌دژی نیزامی كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر كامپیووتێره‌كه‌ی “، “چالاكیی ته‌بلیغیی به‌دژی كۆماری ئیسلامی و پشتیوانی كردن له حیزبه دژبه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه و وتاری پێوه‌ندیدار له كه‌شی مه‌جازیدا” به‌شێك له‌م تۆمه‌تانه‌یه كه خراوه‌ته پاڵ ناوبراو و بۆته هۆی سه‌پاندنی ئه‌م حوكمه به سه‌ریدا.
فه‌رهاد پیرۆتی له مانگی خه‌زڵوه‌ری ئه‌مساڵ به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕكردنی ماوه‌ی حوكمه‌كه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕاپێچی زیندانی مه‌هاباد كرا.