نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێ: هەموو ئەو گەمارۆگەلەی کە ترامپ بە سەر ئێرانیدا سەپاندووە لاناچێ و وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بەرتەسکن.
ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی هەینی ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ” ئێن پی ئار”ی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا هەموو ئەو گەمارۆگەلەی لە دەورانی سەرۆککۆماریی” دۆناڵد ترامپ”دا بەسەر ئێراندا سەپێندراوە لانابا و ئەگەر ئەو ڕێککەوتنەی کە تاران دەیهەوێت لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نەبێ، ئەمریکا لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دێتەدەرەوە.
ناوبراو لەهەمبەر داسەپاندنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: بۆ ئەمریکا گرینگ نییە کە لە ئێراندا چ کەسێک دەبێ بە سەرۆککۆمار و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمە باوەڕمان بە هیچ کەس لە ئێراندا نییە و تەنیا دەمانهەوێت بچێنە نێو ڕێککەوتنێکەوە کە پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکیی بگرین.
هەرلەم پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی، قسەی بەرپرسانی ڕێژیمی لەهەمبەر نەمانی گەمارۆکان بەدژی بەرپرسانی ئێرانیی و کۆمپانیا ئێرانییەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە تا ئەو کاتەی لەسەر هەموو شتێک ڕێک نەکەوین، هیچ گەمارۆیەک لەسەر ئێران لاناچێ.
ڕابێرت مالی لە درێژەی وتووێژەکەیدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئیسرائیلدا خەریکی وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕاین لە هەمبەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن و ئێمە ئامانجی هاوبەشمان هەیە و ئیزن نادەین کە ئێران دەستی بەچەکی ناوکیی ڕابگا.
ناوبراو لە کۆتایی وتووێژەکەیدا وتی: دەرگای وتووێژ بەردەوام بەڕووی ئێراندا کراوە نییە و دەبێ ئاگای لە هەڵسوکەوت و کارەکانی بێ.