وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئەگەر ئێران بەکەڵک وەرگرتن لە سانتریفیوژی پێشکەوتوو پیتاندنی ئۆرانیۆم خێراتر بکاتەوە، دەگەینە قۆناغێک کە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی زۆر قورس دەبێ.
ئانتۆنی بلێنکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ” ژان ئیۆ لۆدریان” وەزیری دەرەوەی فەرانسە لەهەمبەر ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئێمه تەنیا ئەو کاتە لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن دەکەین کە بە تەواوەتی دڵنیا ببینەوە کە ئێران بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی پێشێل ناکا بەڵام تا ئێستا نەگیشتووینەتە ئەو قۆناغە.
ناوبراو بە ئاماژە بە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەڕانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام وتی: تائێستاشی لەگەڵدابێ کێشەی زۆرمان لەگەڵ ئێران بۆ گەڕانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی هەیە و تیمی وتووێژی ئێمە لە حەوتووی داهاتوودا بۆ بەشداری لە دەوری حەوتەمی وتووێژەکان دەچێتەوە ڤییەن و دەبینین کە ئایا کێشەکانمان چارەسەر دەبێ یان نە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی فەرانسە وتی: ئێران دەبێ بڕیارێکی قورس بدا، ڕوانگەی ئێمە بۆ بەرنامەی ناوکیی ئێران ڕوون و ئاشکرایە و دەبێ ئێران کۆتا بڕیار و قورسترین بڕیاری خۆی بدا کە بە خێراترین کات بگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی.