تاکتیک و ستراتیژی دوو وشەی زمانی بێگانەن کە لە زمانی کوردیدا بە پلانی کورتخایەن و درێژخایەن مانا کراونەتەوە. بە قووڵی بە مانا و لایەن و ڕەهەندە جوداکانی ئەم دوو وشە یان دەستەواژەیەدا شۆڕ نابینەوە. بەڵام لە زمانی مەزنەپیاوانی سیاسەتەوە دەڵێم تاکتیک واتە پلان یان نەخشەی کورتخایەن و جێبەجێکردنی لە خزمەت ستراتیژی یان بەرنامە و کاری درێژخایەن. ئەوەی لە یەکدوو ڕستەی پێشتردا کەڵکم لە دەستەواژەی “مەزنەپیاوانی سیاسەت” وەرگرت، ویستم وەک تاکتیکی ئەو خانمەی لە یەکێک لە شارانی خۆرهەڵاتی کوردستان خۆی بۆ ئەندامەتیی ئەنجومەنی شارەوانیی شارەکەی پاڵاوتووە، بە هێنانی وشەی ژن لەم کورتە نووسینەدا پیاوانی لای سەروو بێزار نەکەم و لە خۆمیان نەتۆرێنم. منیش لەمەودوا تاکتیکی ئەو خانمە ڕەچاو دەکەم کە بۆ بانگەشەی بردنەوە لە هەڵبژاردنی شوڕای شارەکەی جلی پیاوانی کردبووە بەر و نووسیبووی: “پیاوانە بۆ ئاوەدانیی شارەکەم تێدەکۆشم”.
منیش وەک دارسمەیەک کە بەردەوام ئەم باغ و ئەو باغ و ئەم دارستان و ئەو دارستان و ئەم بێشەڵان و ئەو بێشەڵان و ئەم دار و ئەو دار و ئەم لق و ئەو لق دەکەم، پێمخۆشە دەنگم بخەمە پاڵ دەنگی ئەم خانمە و بڵێم “پیاوانە لە خزمەتتان دام”، بەڵام جارێ ئەمە ناکەم.
ئەم خاتوونە بەڕێزە بە پۆشینی جلی پیاوانە باشترین ڕێگەی خۆدزینەوە لە خزمەتکردنی شار و خاک و نیشتمانی دۆزیوەتەوە. جلی پیاوانەی کوردی هەرچەند ڕەنگاوڕەنگ و چەندین جۆرە، بەڵام ئەو جلەی خانمە بەربژێرەکە بۆ وێنەگرتن کردوویەتە بەر، جلی ڕەنگخۆڵەمێشیی کەسانی چەکدارە.
پەلەم لێ مەکەن با چەکدارانی کوردیش لە دوو لایەنی جودادا بناسێنم. بێ ئەوەی ڕێز لەم چەکدارانە بگرم یان بێڕێزییان پێ بکەم و یان ناویان بهێنم، لە بواری بەڕێوەبردنی ئەرکدا بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەکرێن. دەستەی یەکەم ئەو چەکدارانەن بە مەبەستی دژایەتیی دەسەڵاتی زاڵ وڕزگارکردنی نەتەوەیان جلی خاکی دەپۆشن و چەک دەکەنە شانیان. دەستەی دووهەم ئەو چەکدارانەن لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی نابەدڵی خەڵک جلی خۆڵەمێشی دەپۆشن و چەک هەڵدەگرن. ئەم دوو دەستەیە لە کاتێکدا جلی هەردوویان خۆڵەمێشییە، بەردەوام یەکتر دەکوژن. لێرەدا ئەم پرسیارە زەق دەبێتەوە، خانمە بەربژێرەکە جلی کامەیانی لەبەرە. دیارە لەژێر سایەی دەسەڵاتدار خۆی پاڵاوتووە، بەڵام کۆمەڵێک تیۆریی وەک “نەشیش بسووتێ نە کەباب” و ” کێ کەر بێت من کورتان” و “کەری نێو جۆگە”ی ڕەچاو کردووە؟
جیا لەو تەوەر و شیمانانەی بۆ ئەم هەنگاوەیژنێکی پیاوانەی بەربژێر باس کران و بابەتی سەرەکیی ئەو تاکتیکەی ژنەکە بە دوو مەبەست گرتوویەتە بەر، دوو ئامانج بەدی دەکرێن:
ئامانجی یەکەم ئەمەیە دەیهەوێ لەنێو دەسەڵاتێکی نێرەوەزانەدا بە جل و لێدوانی نێرەوەزانەدا بچێتە نێو دەسەڵاتیان. بەڵام ئامانجی دووهەم لە خۆ بە نێرەوەز پێشاندان و پیاوانە خزمەتکردن لە ڕاستیدا مەبەست لە خزمەت نەکردنە. ئەو باش دەزانێ ٤٢ ساڵە دەسەڵاتی نێرەوەز چۆن خزمەتی شار و نیشتمانی کردووە و لەم نێوەدا ئەویش دەیهەوێ هەر ئاوا بەردەوام بێت. ئەگەر جلی ژنانەی کردبایە بەر، خۆی تووشی بەرپرسیاریەتییەکی زۆر قورس دەکرد کە لێرەدا بۆ ڕوونبوونەوەی جیاوازیی خزمەتی پیاوانە و ژنانە، چەند پرسیارێک دەکەم و ئێوەش ئەگەر پێتان خۆش بوو لای خۆتان وڵام بدەنەوە:
- ژنتان دیتووە لەئێران ببێتە پادشا یان سەرۆککۆمار؟
– چەند ژنتان دیوە لەسەر کورسیی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران حوکمی کوشتن نەک هەر بۆ زیندانیانی سیاسی بەڵکوو بۆ قاچاخچیانی مەترسیدار و مرۆڤکوژانیش دەر بکات؟
– چەند ژنتان دیتووە لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا پەتی ئێعدام بخەنە ملی مرۆڤ و هەڵیواسن و بیخنکێنن؟
- هەتا ئێستا کامەتان لە زیندان، ژن بە قەمچی لێتانی داوە و شۆکی کارەبای بە گژتان داکردووە و سەروبن هەڵیواسیون؟
لە سەروبەندی ئەم هەڵبژاردنەی هەموو شتێکە لە ئێران، ئەم وڵاتە شتی زۆر لەمەش سەیر و سەمەرەتری بە خۆیەوە دیت. کۆماری ئیسلامی لەڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، ئەندامانی ئەنجومەنی شار و گوندان و قۆناخێک لە هەڵبژاردنی مەجلسی “خوبەرە-گان”ی بە یەکەوە بەڕێوە برد.
یەکێکی دیکە لەم شتە سەیروسەمەرانە هەر لەم سەروبەندەدا سەرهەڵدانی ئیمام مەهدی بوو. هەر چەند لە ئێران چاوەڕوانن ئیمامی زمان لە چاڵی جەمکرانەوە بێتە دەرەوە، بەڵام ئەمجارە بە لاوازی بە جلی کەسک و شمشیر بەدەست و بە سواری ئەسپی کوێت لە شەقامی شاری ئیسفەهان سەری هەڵدا. بەڵام سەعاتێکی نەخایاند لە کاتێکدا هاواری دەکرد “بمرێ خامنەیی” بەدەست سەربازانی گومناوی خۆی خڕۆچۆم کرا. ئەم ئیمام زەمانۆکەیە لە کاتێکدا سەری هەڵدابوو نێرەوەزانی دەسەڵاتداری ئێران دەڵێن ئیمام زەمانی سەرەکیمان خستووەتە چاڵی جەمکەرانەوە. هەندێک کەسیش لە وەها بارودۆخێکدا ڕەخنە لە ژنێک دەگرن بەدەم و بە جەستە دەڵێ من نێرەوەزانە خزمەتی شارەکەم دەکەم.