لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا، ڕوانینی شیكار و ڕەخنەگرانی ئەدەب بەرانبەر دەقە ئەدەبییەكان جگە لەوەی گۆڕانێكی بنەڕەتی و قووڵی بەسەردا هات، كۆمەڵێك ڕێچكەی جیاوازیشی گرتە بەر، كە ئیتر دەقی ئەدەبی وەكوو جیهانێكی سەربەخۆی زمانی سەیری كرا و لەو سۆنگەیەوە ڕوانین و لێكدانەوە و شیكردنەوەكان ئاقاری جۆراوجۆریان گرتە بەر. هەڵسوكەوتی ڕەخنەگر لەگەڵ دەق بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژیاننامەی نووسەر و چڕكردنەوەی هەموو هەوڵەكان لەسەر گەوهەری دەق و زمانی دەق و پێكهاتە و دنیای نێوەوەی دەق و دواتر بەستنەوەی دەق بە خوێنەرەوە وای كرد، نووسەر/دانەر بكەوێتە پەراوێزی بەرهەمەكەوە و ئەگەر بێتەوە نێو بازنەكەش، دەبێ وەكوو خوێنەرێك بێتەوە نێو بازنەی شیكاری و تێگەیشتن و ڕاڤەی دەقەكەوە و ئیتر شێوازی خوێندنەوەی دەقیش لە حاڵەتە نەریتییەكەی دابڕا. یەكێك لەو ڕێوشوێنانەی ئێستا لە ئاستی جیهاندا دەقی ئەدەبیی پێ هەڵدەسەنگێنرێ، ڕوانگەی “دەقئاوێزان”ـە. دەقئاوێزان ڕوانگەیەكی نوێیە، كە تێیدا كۆی دەقە بەرهەمهاتووەكانی كۆن و ئێستا و داهاتوو بە “كەشكەڵانی دەقەكان” دادەنێ و پێی وایە لە یەكەم دەقی بەرهەمهاتووەوە تا ئێستا تەواوی نووسراوەكان ڕایەڵەیەكی پێوەندییان پێكەوە هەیە، كە میخاییل باختین ئەو ڕایەڵەی پێوەندییەی ناو ناوە “مەنتقی وتووێژ”ـی نێوان تێكستەكان. باختین دەڵێ، تەواوی ڕۆمانەكان پێوەندییەكی دیالۆگیانەیان پێكەوە هەیە و بە شێوەیەك لێك هەڵێنجراونەتەوە. ئەو پێوەندییەی نێوان دەقەكان یەكەم جار زمانناس و ڕەخنەگری ڕووسی ڤیكتۆر شكڵۆفسكی هێنایە بەر باس و لە مشتومڕی نێوان فۆرمالیستە ڕووسییەكاندا بوو بە باسێكی گەرم، بەو واتایە كە دەقەكانی ڕابردوو، لەگەڵ ئەوانەی وا ئەمڕۆ دەنووسرێن، پێوەندی و وتووێژیان هەیە و دەقگەلی ئەمڕۆییش لەگەڵ ئەوانەی لەداهاتوودا دەنووسرێن، پێوەندی و دیالۆگیان هەیە بەتایبەتی ئەگەر جۆر و بابەتەكەیان هاوبەش بێ. (شمیسا: 358. 1378)
ئەو باسە لە ڕەخنەی فارسی و عەرەبییشدا پێشتر بە شێوازی دیكە باسی كراوە، بەبێ ئەوەی وەكوو تیۆرییەك دەوڵەمەند بكرێ و بكرێتە شێوازێكی خوێندنەوە و لێكدانەوە. بۆ وێنە، لە ڕەوانبێژیدا تیلنیشان “تلمیح” بە شێوەیەك لەگەڵ ئەم باسەدا یەك دەگرێتەوە كە تێیدا شاعیر وشەیەك یان ڕستەیەكی “چیرۆك، ئایەت، حەدیس”ـێك دێنێتەوە. وەك حاجی قادری كۆیی كە دەڵێ:
“كە شەیتانی تاقی میحرابی برۆی تۆی دی، گوتی یاڕەب
لە سوژدەی حەزرەتی ئادەم، سەری خۆم بۆچی باداوە؟”
لێرەدا حاجی قادر، ئاماژە بە بەسەرهاتی خوڵقان و سوژدەنەبردنی ئیبلیس دەكا و دەڵێ: شەیتان هەتا تاقی میحرابی برۆی یارە جوانەكەی منی نەدی، لەو ملبادانەی خۆی پەژیوان نەبۆوە. كەوابوو ئەم شێعرەی حاجی بە شێوەیەك لەگەڵ هەر سێ بەسەرهاتەكەی “تەوڕات و ئینجیل و قورئان”ـدا كە باسی خوڵقانی ئادەم و سوژدەنەبردنی شەیتان دەكەن، لە دیالۆگ و پێوەندیدایە.
پێشتر، فۆرمالیستەكان و پێكهاتەخوازەكان هەموو هەوڵی خۆیان لەسەر زمان و پێكهاتەزمانییەكان و نێوەوەی دەق چڕ كردبۆوە و ئیتر دەقیان لە هەموو دنیای دەرەوەی خۆی دابڕیبوو. بەتایبەتی پێكهاتەخوازەكان كە دەقیان بە كۆمەڵێك نیشانە “دال و مەدلوول” دەزانی و لەوەدا پشتیان بە بۆچوونەكانی سۆسۆر بەستبوو، كە بە باوكی پێكهاتەخوازی ناوی دەركردووە. سۆسۆر پێی وابوو جیهان لە سیستەمی دوانەلێكدژەكان و نیشانەكان پێك هاتووە. دووانەی لێكدژ وەكوو تاریكی و ڕووناكی. چاكە و خراپە. ڕەش و سپی و….
دەقئاوێزان، لە لایەك پێوەندیی بە سەرلەبەری مێژووی جیهانی نیشانەكانەوە هەیە و لەلایەكیشەوە بە گۆڕانكارییە هونەری و ئەدەبییەكانەوە لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرلەبەری سەدەی بیستەمدا. بە واتایەكی دی پێوەندیی نێواندەقی، بێ ئەملاوئەولا بە درێژایی مێژوو هەر هەبووە. لە ڕاستیدا مێژوو لە سایەی ئەو پێوەندییە نێواندەقییانەوە مانای وەردەگرت، چونكە مێژوو و گەشەی مرۆیی قەرزباری كەڵەكەبوونی ئەزموونی نێوان نەوەكانە ئەویش لە ڕێی پێوەندییە نێواندەقییەكانە(١).
مرۆڤ بە درێژایی مێژوو توانیویەتی ئەزموون و بەسەرهات و ڕابردووی خۆی بكاتە خەرمانێك و نەوە بە نەوە ڕایگوێزێ. ئەم تایبەتمەندییە، وێڕای باقی تایبەتمەندییەكانی دیكەی مرۆڤ، بە جوانی لە گیانلەبەرەكانی تری جیا دەكاتەوە. گیانلەبەركانی دیكەی جیا لە مرۆڤ لە دەسپێكی ژیانی سەر ئەم گۆی زەوییەوە تا ئێستا شان بە شانی مرۆڤ هاتوون، بەڵام هیچ خەرمانێكی بیرەوەری و ئەزموونی هاوبەش و مێژوویان لە نێواندا نییە، چونكە ئەم ڕایەڵەی پێوەندییەیان نییە.
لایەنگرانی ئەو تیۆرییە پێیان وابوو، پێوەندیی نێوان دەقەكان، بەر لەوەی پێوەندییەكی لاساییكەرەوانە بێ، پێوەندییەكی گوتاریانەیە. واتە دەقەكان لە ئاستی گوتار یان دیسكۆرسدا تێك دەبەزن و ئاوێزانی یەكتر دەبن و لەسەر چاوەی یەكترەوە دەخۆنەوە. لەم باسەدا ئاوڕێك لە دوو دەق دەدەینەوە، بزانین وتوێژ و ئاوێزانبوونی ئەو دوو دەقە لە چ ئاستێكدایە و لەو ڕوانگەیەوە هەڵیاندەسەنگێنین.
یەكێك لەو دەقانە، دەقی “بەیتی سوارۆ”یە، كە لە زۆر شوێنان بە سوارۆی ئایشێ گوڵیش بە ناوبانگە. ئەم بەیتە لە زمانی ئافرەتەوە گێڕدراوەتەوە. كەوابوو لەوەیاندا بەیتبێژ ژنێكە و باسی ڕۆیشتنی سوارۆ بۆ “شەڕ” و برینداربوونیمان بۆ دەگێڕێتەوە.
سوارۆ دەیەوێ بچێتە شەڕێ، بەڵام بەر لە ڕۆیشتن دێتە لای خۆشەویستەكەی و داوای ماچێكی لێ دەكا. بەڵام نازدار حەیران نایداتێ.
ئەی سوار، سوار، سوار مەڕۆ بەتەنێ
ئەوە كیژ دەڵێ دوێنێ سووكەڵە سوارەكەی من دەچۆوە سەفەری كاولە لەحسایێ
دەیگوت كیژێ بێنە دوو ماچم دەیە
بە سەری بەقوڕ و بە ملی بەكوێنم ڕووم لێ وەردەگێڕا هەی لاڵ بم نەمدەدایێ(٢)
بۆچی؟ چونكە مەرجی هەیە. مەرجەكە چییە؟ گەڕانەوەی سەركەوتووانەی سوارۆیە لە شەڕێ. تەنانەت هەم دوعای لێ دەكا و هەم هەڕەشە. دوعای لێ دەكا، ئەگەر سەری خۆی لەبەر هەزار و پێنجسەد سوار وەرگێڕێ، بكوژرێ و بدرێتە بەر مەودای شیر و خەنجەران، چونكە ئەو لەنێو ناسك و نازداران خەجاڵەت و شەرمەزار دەبێ. ئینجا ئەگەر نەشكوژرێ، ئەوە لێی حەرام دەكا ماچی دەم و زەردە هەناران….
ئەوە کیژ دەلێ سوار ئەگە دەچیە ئەوان سەفەرێ
ئەوەت وەسیەت بێ لە سەر دەستی من
پەڕەوە لە چۆمی عوودێ لە دەریای عومانێ
ئەسپێکەخۆت باژوێ لە کەناری دەسواران
بریا سوار ئەمن خەبەری تۆم بۆ ھاتبا کوژرابایەی
ئەوە درابایە بەر وەدای شیر و خەنجەر و قەناران
نەوەک ئەتۆ ھەڵاتبای و سەرێ کەحێلێ خۆت وەرگێڕابا
لە بەر ھەزار و پێنج سەد سواران چونکە ئەمنت خەجاڵەت
دەکرد لە کن شەدە شل و شلومل و چاوبەکل و ناسک و نازداران
شەرت بێ ھەتا سەری مانگێ مانگ نوێ دەبێتەوە
ئەمن نەتدەمێ یا لێت قەردێ دەکەم ماچ دمی دە زەردە ھەناران(٣)
***
شێعرەكەی یونس ڕەزایی
شاعیر جگە لەوەی ناوی شیعرەكەی ناوە “سوارۆ” هەر بە نەفەسی بەیتی سوارۆش شێعرەكەی خۆی نووسیوە و بگرە لە زۆر جێ دەقاودەق هێندێ پاژی بەیتەكەشی هێناوەتەوە. یەكێك لەو تیۆرداڕێژەرانەی كە بە وردی كاری لەسەر دەقئاوێزان كردووە، توێژەرێكی سویسراییە بە ناوی لۆران ژێنی، كە لەگەڵ ژۆلیا كریستۆڤا یەكێكە لەو كەسایەتییە مەزنانەی باوەڕی بە دەقئاوێزان هەیە. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە، دەقئاوێزان یان پێوەندیی نێوان دەق دەكرێ لە بوارگەلی جۆراوجۆری واژە و دەستەواژە و ڕواڵەت و نێوەرۆكدا بیچم بگرێ. لێرەدا ناوبراو دەقئاوێزان دەكاتە دوو بەشی لاواز و بەهێز، كە پێی وایە دەقئاوێزانی لاواز ئەوەیە ئاوڕی لە نێوەرۆكی دەقی پێش خۆی نەدابێتەوە، بگرە تەنیا لایەنی ڕواڵەتیی دەقەكەی وەرگرتبێ.
بە ئاوڕدانەوە و وردبوونەوە لە شێعرەكەی ڕەزایی، دەبینین ڕەزایی هەم سیلەی چاوی لە نێوەرۆكی بەیتی سوارۆ بووە، هەم لە فۆڕمی بەیتەكە.
سوارۆ
ئەوڕۆكە كیژ دەڵێ ئەی سوارە، سوارەی لە من بەتەنێ
زرمەی سمی ئەسپت ون و
حیلەی نیگات
كە زایەڵەی بە یاڵ و گەوەی وڵاتدا
ڕووناك دەبوو
دەنگی دەداوە لەوێ بەندەنێ
…..
ئەوڕۆكە ئەگەر
سوار دەبووی لە ئەسپی دواێن تاریکی کازیوە
بۆ سەفەرێك بە ئاوردا
یاڵی بیرەوەریی دەریا و
ناڵی دەزرینگاوە و “ئاورینگانی دێنا”
ڕەوتی لەسەر نەزمی تەنیایی تفەنگێك(٤)
دێڕی یەكەمی شێعرەكە، بە تۆزێك جیاوازییەوە، ڕێك لە بەیتی سوارۆ وەرگیراوە. فۆرمی ئەم شێعرە دەچێتەوە سەر ئاوازی نێوخۆیی بەیتی سوارۆ و تەنانەت لە سەرواكانیشی كەڵك وەردەگرێ. “بەتەنێ… بەندەنێ”.
بەڵام شاعیر زۆر داهێنەرانە بەشێك لە كەرەستە و وشەكانی بەیتی سوارۆ وەردەگرێ و لە ئیشراقێكی شاعیرانەدا دەیكاتە هەوێنی داهێنانە شێعرییەكەی، بۆ ئەوەی ئەم پێوەندیی نێواندەقیەتییە تەنیا پێوەندییەك بێ و بۆنی لاساییكردنەوەی نەك لێ نەیە، بگرە خوێندنەوەیەكی سەردەمیانە بێ. لێرەدا ئەسپ، حزوورێكی بەرچاوی هەیە:
وەرە سوار، ئەتۆ ئەسپێكەخۆت باژوێ لە كەناری دەسواران…
لە شێعری ڕەزاییدا زرمەی ئەسپەكە ونە بەڵام حیلەی ئەسپەكە لە نیگای بەردەنگی شێعرەکەدا دەنگ دەداتەوە و زایەڵە بە یاڵ و گەوەی وڵات دەبەخشێ. دیسان یاڵی ئەسپەكەی سوارۆ وەردەگرێ و دەیبەخشێ بە وڵات، ئاخر یاڵ بە شانی چیاش دەگوترێ. لێرە، یاڵی ئەسپ و شانی چیا بوونەتە یەك. ئاخر، لە سوارۆی ئایشێ گوڵدا، سوارۆ دەچێتە سەفەری كاولە لەحسایێ. كەس نازانێ شەڕ بۆ كێ و بۆ چی دەكا و لە پێناو چیدا و لەگەڵ كێ؟ بەڵام لە سوارۆی شاعیردا “وڵات” دەمانهێنێتەوە نیشتمان. سوارۆی ئایشێ گوڵ، شەڕکەرێکە نازاندرێ بۆچی شەڕ دەکا، كەچی سوارۆی شاعیر پێمان دەڵێ، شۆڕشگێڕێكی چەكبەدەست خەریکی سەفەرێکە بە عەزمی پارێزگاری نیشتمان كە لە كۆپلەی دواتریدا ڕوونتر دەردەكەوێ:
ئەوڕۆكە ئەگەر
سوار دەبووی لە ئەسپی داوێنتاریکی کازیوە
بۆ سەفەرێك بە ئاوردا
یاڵی بیرەوەریی دەریا و
ناڵی دەزرینگاوە و “ئاورینگانی دێنا”
ڕەوتی لەسەر نەزمی تەنیایی تفەنگێك(٥)
لە بەیتی سوارۆدا، كچە بە سوارەكەی دەڵێ:
ئەگەر تۆ بگەڕێیەوە لەوی شەڕ و هەرامەت و دە هەڵڵایێ
ئەمن سینگی خۆمت بۆ دەكەم بە كاغەزێكی مەرجان و
مەمكی خۆمت بۆ دەكەم بە قەڵەمێكی فەڕەنگی
شەو هەتا ڕۆژ دەبێتەوە
وەكوو مەلای دوازدە عیلم لەسەری بكەیتەوە موتاڵایێ
شاعیر ئەو نێوەرۆكە ڕێك بەو ئاوازەوە دەخوازێتەوە و دەڵێ:
ھەی سوارە
ئەگەر بێیەوە لەوێ ئاورێ،
ئەستەمێ،
دوورێ،
درەنگێ
لە چاوتدا
نیشتمانێك دەبین لە سێو و لە سروودی دونیایە
بزەت دەچێنینە سەر هەرچی دەفتەری
ئەلفوبێی ڕووناکی کاتی موتاڵایە
شاعیر دەڵێ، ئەگەر بێیەوە لەوێ ئاورێ. كام ئاور؟ شاعیر لە چەند دێڕێكی پێشتردا دەڵێ:
ئەوڕۆكە ئەگەر
سوار دەبووی لە ئەسپی داوێنتاریکی کازیوە
بۆ سەفەرێك بە ئاوردا
كەوابوو، سەفەری سوارەی شاعیر بە سەر خاكدا نییە، بە نێو چەقی ئاگرستاندا سەفەر دەكا. ئەم سەفەرە سەفەرێكی سورڕیالیستییە. پاڵەوانێك بە گڕدا تێدەپەڕێ و سواری ئەسپی داوێنتاریكی كازیوە بووە و بەڵێنی پێ دەدا ئەگەر بگەڕێتەوە، پێكەوە ببن بە نیشتمانێك لە سێو و سروودی دونیا. كەوابوو، گەڕانەوەی سوارەی شاعیر، كۆتایی شەڕ و نەهامەتی و خراپە و دەسپێكی ئاشتەوایی و سروود و ئاوەدانیی نیشتمان و دەستەملانیی ئەڤیندارانە و سەردەمی دەفتەر و نووسین و خوێندنەوەیە و كۆتایی زمانی چەك و بۆنی خوێن.
سوارەی شاعیر چووەتە شەڕی تاریكی. چووەتە ڕاونانی ئەوانەی دنیایان كردووەتە بیابانی تەریكیی مرۆڤ:
وەرە سوارەی لە پەنجەرە تاراوی
بە تەنیایی پاراوی
بە دەریایی ناسراو
دارێكت بۆ دەكەمە بیرەوەریی ھەرچی سێو
یەكت بۆ دەكەمە سەروای خاتوونێك
شەڵاڵی خەونی بەھێیە
خەڵفێکیش بە بەیانیت دەبەخشم سەرخۆشە و
ناوی ترێیە
مەستانە بگەڕێوە نیگام و دڵەدوایی شەوانەم
شیتانە؛ ڕکێڤ بکوتە لەو تاریکەسەلاتی بیابانەم و
با ئیتر کۆتایی بێ ئەوی ڕێیەکی بەرەو نادیار بێ.
بەیتبێژەكەی سوارۆی ئایشێ گوڵ، تەنیا شین دەگێڕێ. شینێك، پەژیوان لەوەی ماچی نەداوەتە سوارۆ و دەیلاوێنێتەوە. سوارۆی ئایشێ گوڵ لە مەیدانی شەڕێ كوژراوە و ئایشێ گوڵ دەیەوێ مەڵحەمێكی بۆ بكاتەوە لە:
لە حێلێ
لە دارچینێ، لە قەنەفڵێ
لە ژەنگی گوارە و ئارەقی بەر گەردەنێ
بیكاتەوە شەڵتە و بیهاوێتە سەر ئەوێ گەرمە برینێ
نەكا وەبن بدا و لە منی قەلەندەرێ مل بەكوێنی بابانوێرانێ بێنێتەوە تەشەنێ.
سوارۆی شاعیر، لە هەڕەتی شاخانەوە دێتەوە. شاعیر بانگ دێڵێتە ئەو شاخانەی كە هەر كامە و ڕەمزێكی گەورەی كۆن و ئێستا و داهاتوون و لە كۆنەستی نیشتمان و نەتەوەكەیدا هێمای خۆڕاگری و لانی شێر و هێلانەی هەڵۆن:
دێمەوە
بانگێكم وەبەر… زنجیرە شاخێك كە ئاڕاڕاتە
بانگی دیم وەبەر… قەندیلێك
پڕ لە گۆمیلكە گۆمیلكەی كارەساتە
بانگی دیم وەبەر… پیرە زاگرۆس
كە لاو دەبنەوە لە بناریدا،
ڕووبارەكانی نیگای غەریب و
كانیلەكانی پێكەنینێک لەگەڵ ژیان تەریب و
ئاواییەكانی دێرینی چڵە شێعرێكی خوێناوی
ئەوی دیكانەم وەبەر… دەشتێك
كچ دەژی و زەیتوون دەنووسێتەوە
لەجەنگەی گوللەكاندا كە وێڵن
بانگی دوامینم وەبەر… جوانی خۆت
پەرەدەستێنی لە مندا
مەودا بە مەودای دوورگەی گۆرانیی دونیا و
دێڕ بە دێڕی ھەرچی ڕێگا(٦)
ڕەزایی لەو دەقەدا، زۆر لێزانانە یاری بە فۆرم و نیشانە و هێماكان دەكا و زۆر داهێنەرانە دەگەڕێتەوە سەر دەقێكی حەماسی و بە زمانێكی ئەمڕۆیی لەگەڵ ئەو دەقە دەدوێتەوە و وەبیرمان دێنێتەوە، كە ئێمە، مێژوومان پڕە لەو سوارانەی چوون چرایەكمان بۆ بێنن بۆ شكاندنی تاریكی و خۆیان بوونە چرا و نەگەڕانەوە:
بگەڕێیەوە لەوێ ماندوویەتیی دار و تینوێتیی ڕووبارە
بێیەوە بەیانییەكی وەك ھەتاو لە بەندەنێ
وەھا كە دەریا لە زرمەی سووریاڵت ڕاچەنێ
خۆم بۆت دەبمەوە بە كاولە مەوتەنێ…
***
١- كشف بينامتنيت؛ چگونگي پيدايش و گسترش يك نظريه و نقد. دكتر بهمن نامور مطلق “وتار. سایتی نوورمەگز”
٢- بەیتی سوارۆ. گوتنی عەلی كەردار
٣- سەرچاوەی پێشوو
٤- یوونس ڕەزایی، بەشێک له شێعری “بەشوێن گێڕانەوەی ئاورەوە”، له دەفتەری بڵاو نەکراوەی “به دەراوەکانی باخەوە”
٥- سەرچاوەی پێشوو
٦- یوونس ڕەزایی، بەشێک لە شێعری “هەرەوەزی تینوێتییە لە چیای مەغڵووبی تەنیایی” لە کتێبی “تەنیایی لە تیراژی پایزدا”، چاپ و پەخشی خانی