وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، قسەکانی سەرۆکی دەفتەری حەسەن ڕووحانی لەبارەی ئەوەیکە کە ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە کە گەمارۆ نەوتی، کەشتیڕانی و هەندێک لە گەمارۆکانی سەر بەیتی خامنەیی لاببات، ڕەت کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠هەتاوی، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێ، لە دژکردەوە بە قسەکانی “مەحموود واعێزی” سەرۆکی دەفتەری حەسەن ڕۆحانی، وتی: دانوستانکاران هەوڵی ئەوە دەدەن کە پێشنووسگەلێک ئامادە بکەن کە بابەتی ئەسڵی دانوستانەکان لەخۆ دەگرێ، بەڵام دیسان جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تا هەموو شتێک نەگات بە ڕێککەوتن، هیچ گەمارۆیەکی سەر ڕێژیمی ئێران کەم ناکرێتەوە.
مەحموود واعێزی، لە پەڕاویزی کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەت بە ئاماژە بە ڕێککەوتن لە دانوستانەکانی “ڤییەن” بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان ڕایگەیاند کە، بێجگە لە بابەتەکانی بیمە، نەوت و کەشتیڕانی، ڕێککەوتن کراوە کە، هەندێک لە گەمارۆکانی پێوەندیدار بە بەرپرسان و بەیتی ڕێبەریی هەڵبگیرێ. پێشتر تەلەڤیزیۆنی “ئێران ئینتێرناشناڵ” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، گەمارۆکانی سەر بەیتی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانە کە لە دانوستانەکانی ڤییەن کێشەی لەسەرە.
هەروەها “بلومبێرگ”، لە زاری بەرپرسێکی پلە بەرزی دەوڵەتی “جۆ بایدێن” ڕایگەیاند کە، هەیئەتی دانوستانکاری ناوکیی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی ڕابێرت ماڵی، ڕاوێژکاری ئەو وڵاتە لە کاروباری ئێران، ئامادەیی خۆی دەربڕێوە کە، لە حەوتووی داهاتووەوە، هەرکات بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئامادە بن بۆ بەشداریی لە وتووێژەکانی ژیانەوەی بەرجام بچێ بۆ ڤییەن.