میشێل باشیلە، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانیشتنی شۆڕای مافی مرۆڤ وتی: ناڕازییان، چالاکانی مەدەنی، پارێزەران و چالاکانی مافی مرۆڤ، لە ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە لە بەردەم ئازار و ئەشکەنجە، هەڕەشە، توندوتیژیی، ڕەشبگیریی، دادگایی کردن و لەسێدارەدان دان.
باشیلە وتی: لە دوایین ڕاپۆرت کە سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، پێشکەشی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، نیشاندەریی “داهاتوویی سامناکی مافی مرۆڤ” بۆ خەڵکی ئێران بە هەموو جۆراوجۆرییە ئایینی و ئیتنیکییەکانە.
کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ دەڵێ: داڕمانی ئابووریی بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان و لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، ئەوەیان سەلماندووە کە نایانهەوێ گۆڕانکاری بەسەر شێوەی بەڕێوەبەریی وڵاتدا بهێنن و کۆتایی بە هەڵاواردنە ئایینی و ئیتنیکییەکان لەو وڵاتەدا بهێنن.
باشیلە وتی: لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە ئێران ٢٦٧ کەس لەسێدارە دراون کە تەنیا شوناسی ٩١ کەس لە لەسێدارەدراوان بە میدیایی کراوە و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ی زایینیشدا ٩٥ کەس لەسێدارە دراون، بەپێی ئەو ئامارە ٨٠ منداڵ لە ڕیزی لە سێدارەدراوان دان کە ٤ کەس لەو منداڵانە مەترسی ئەوەیان لەسەرە بەمزووانە لەسیدارە بدرێن.