بێنی گانتس دەڵێ: هەرکات ئیسرائیل هەست بە مەترسیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بکا و بەرژەوەندییەکانی بکەوێتە مەترسییەوە، ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو رێژیمە ببێتەوە.
بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسیکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بەوەیکە ئێران بە دانانی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆمار دەیهەوێت درێژە بە بەرنامەی ناوکیی و دەستێوەردان لە ولاتانی ناوچەکەدا بدا وتی: ئیسرائیل لەهەمبەر ئەم ئامانجەی ئێران بە تەواوەتی هەستیارە و ئامادەی کاردانەوەی قورسە بەدژی ئێران.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل، بە دەیان جار وتوویانە کە ئەگەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ڕووبەڕووی بەرنامە ناوکییەکانی ریژیمی ئیران نەبیتەوە و ئیسرائیل هەست بە مەترسیی لەلایەن ئیرانەوە بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە بکا، ئەوە بە شێوەیەکی قورسی سەربازیی ڕووبەڕووی دەبینەوە.