هەواڵدەرییەکانی عێراق رایانگەیاند کە ئەمریکا هەواڵدەریی” فورات نیوز”ی سەر بە عەمار حەکیم، ڕێبەری ڕەوتی” حیکمەت”ی داخست.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی عێراق، دەوڵەتی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، چەندین ماڵپەڕی لە عێراق وەکوو” فورات نیوز، ئاسیا و کەربەلا”ی داخستووە کە ماڵپەڕی فورات نیوز سەر بە ڕەوتی حیکمەتە، ماڵپەڕی ئاسیا سەربە ئاراس حەبیب، یەکێک لە سیاسەتمەدارانی عێراقییە کە نێوی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا دایە و ماڵپەڕی کەربەلا سەربە یەکێک لە ڕێکخراوە مەزهەبییەکانی ڕۆژاوای عێراقە.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەتی ئەمریکا بە هەواڵدەریی” سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاندووە کە دەوڵەتی ئەمریکا هەموو ئەو ماڵپەڕانەی کە سەر بە رێژیمی ئێرانن و هەواڵی ناڕاست و درۆ بڵاو دەکەنەوە دادەخا.
ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە دوو کاناڵی تەلەڤیزیۆنی ئێرانی بە ناوەکانی” ئەلعالەم و پرێس تیڤی” و چەندین ماڵپەڕی دیکەی سەر بەو ڕێژیمەی داخستووە و هەروەها دوو کاناڵی” فەلەستین ئەلیەوم” سەر بە جیهادی ئیسلامیی فەلەستین و ماڵپەڕی” لۆلۆ” سەر بە دژبەرانی دەوڵەتی بەحرەین و هەروەها دوو کاناڵی تەلەڤیزیۆنی” نەبا و یوونیوز”ی لوبنانی داخستووە.