ڕۆژنامەی” نیۆیۆرک تایمز’ لە ڕاپۆرتێکدا سەرەرای ئاماژە بەوەی کە سەرۆککۆماریی ڕەئیسی لە ئێراندا نیشانەی پەرەسەندنی کێشەکانی ئێران و وڵاتانی ئورووپاییە نووسی: بە ئەگەری زۆر پاش مردنی خامنەیی، رەئیسی دەبێ بە ڕێبەری ئیران.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بابەتێکی تایبەتییدا لەسەر بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران، نووسی: ئەو کەسانەی کە پێیان وابوو ئێران بەرەوە نەرمی و ئاڵوگۆڕ دەچێ و زیاتر لە دێموکراسی نزیک دەبیتەوە، لە هەڵەدا بوون لەبەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەنگاوەکانی بەرەو ئیسلامییبوون و سەرکوتی خەڵک خێراتر کردووەتەوە.
بێرت ستێفانز، نووسەری ئەو بابەتە بە ئاماژە بە پرسیاری چەند ساڵ پێشی”هێنری کێسینجێر” وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا کە وتبووی ئێران دەیهەوێت وڵات بێ یان ئینقلاب، نووسیویە ئەگەر ئامانجی ئێران لە وتووێژەکان باشترکردنی بارودۆخی ئابووری ئێران بێ و گوزەران و ئاسایشی خەڵکی مەدەنیی ئێرانی بۆ گرینگ بێ، لەگەڵ ئەمریکا دەکەوێتە وتووێژ.
لە درێژەی بابەتەکەدا ” بێرت ستێفانز” دەڵێ: بە باوەڕی من ئەگەر ڕێژیمی ئێران بیهەوێت تەنیا پەرە بە ئیدۆلۆژێکە مەزهەبییەکەی بدا و بەقەولی خۆی ئینقلاب هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکا، لەو کاتەدا وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا هیچ مانایەکی نییە و لەبەر ئەوەی کە ئێران تەنیا مەبەستی ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕییە لە ناوچەکەدا.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ڕەئیسی، کەسێکە کە هەموو قسەکانی خومەینی دووپات دەکاتەوە و هەر ئەو بیر وباوەڕەی بۆ سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، بۆیە ئەگەری زۆرە پاش مردنی خامنەیی، ڕئیسی توندئاژۆ ببێتە ڕێبەری ئێران.