چاوەدێری مافی مڕۆڤی سووریە دەڵێ: سپای پاسدارانی ئێران، ناوچەی ڕۆژاوای فوراتی کردووە بە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئێران لە سووریە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هاوکاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراق لە ناوچەگەلێکی سووریەدا کارگەی بەرهەمهێنانی سەکۆی مووشەکهاوێژیان دامەزراندووە.
لە ڕاپۆرتەکەی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریەدا هاتووە کە سپای پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبی عێراق لە دوو مانگی ڕابردوودا سەرقاڵی دامەزراندنی ئەو کارگەیە لە سووریە بوون و ڕۆژی چوارشەممە بە شێوەیەکی کردەیی هاویشتنی مووشەکیان لەو سەکۆگەلەی کە بەرهەمیان هێناون، تاقی کردۆتەوە.
هەروەها ئەم ناوەندە ڕایگەیاند کە میلیشیاکانی سپای پاسداران و حەشدی شەعبی لە بیابانەکانی ئەبووکەماڵ و ئەلمەیادین، بە مووشەکی ئێرانیی ئەو مووشەکهاوێژانەیان تاقیکردۆتەوە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و حەشدی شەعبی بە دەیان مووشەکهاوێژیان بۆ هاویشتنی مووشەکی ئێرانی لە سووریە بەرهەمهێناوە و خەڵکی سووریەیان بە تەواوەتی نیگەران کردووە.