ڕۆژنامەی “کوردستان”، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ژمارەی پێشووی خۆیدا تایبەتنامەی یادی٨٠٠مین ژمارەی خۆی بڵاو کردەوە. “کوردستان” بڵاوکراوەیەکە لە ٧٥ ساڵی ڕابردوودا بە قرتاڵەیەک لە بەھادارترین فەرھەنگە وشەی کوردایەتی، شۆڕشگێڕی، فەرھەنگی سیاسیی سەردەم، بیروھزری ڕێبەرانی شەھید و زیندوو، خانەخوێی نووسەران و شاعیران، ھەگبەی دەوڵەمەندی زمان پاراوی لاپەڕە زەنگینەکانی خۆی دەکا بە دیاریی خوێنەرانی.
لە تەمەنی مێرمنداڵیمەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە سی ساڵە ھاوڕێیەتیمان لەگەڵ “کوردستان” بەردەوامە و ئەو باشترین ھاوڕێی ڕوحسووک و ڕێنوێنی خۆ پێگەیاندنی ئێستام بووە، منیش ھەمیشە بەوپەڕی نەزاکەتەوە ھاوڕێ خۆشەویستەکەمم لە ئامێز گرتووە و وشە و ڕستە و پاڕستەکانی خزاونەتە نێو ڕوحمەوە و لە ژیانی ڕۆژانەمدا ڕەنگیان داوتەوە. هەروەها لە ئاوێنەی ژیانی ھاوڕێیەتیم لەگەڵ کوردستان جوانترین وێنە یادگاریەکانی زیاتر لە سێ دەیەی خۆمم دیتۆتەوە.
یەکەم دەستلەملان و ھاوڕێیەتی من “کوردستان” لە دۆڵی جافایەتی ڕا دەستی پێ کرد. تازە خونچەگوڵی دارچوالەکان پشکووتبوون، سروشت لە جوانیدا خەمڵیبوو. من ڕوتەڵەیەکی تازە پێگەیشتووی نێو شۆڕش، بەڵام ھاوڕێ خەت خەتەکەم دەمێک ساڵ بوو ھەڕەتی منداڵی و لاوەتیی خۆی لەژێر گەورەیی و ھەیبەتی پێشەوا قازی مەحەممەد تێپەڕکرد بوو، و ئێستا بە بیروھزری دکتۆر قاسملوو، دکتۆر شەڕەفکەندی مشتوماڵی وانەی کوردایەتی دەدرا. ھاوڕێکەم زۆر لە خۆم بە تەمەنتر و پڕ ئەزموونتر بوو، دنیادیدەتر و گەرمێن و کوێستان دیتووتر بوو. من گوێگر و ئەو مامۆستام بوو. لە ڕواڵەتدا ئەویش وەکو من سادە و جل و بەرگێکی ھاکەزایی ڕەش و سپیی لەبەردا بوو، بەڵام لە نێوەرۆکدا شەپۆلەکانی بیروھزری حیزبێکی قاڵبووی نێو کورەی خەباتیان دەپڕژاند.
یەکەم جار باوکی پێشمەرگەم لەگەڵ خۆیدا ئەو ھاوڕێ بەنرخەی ھێنایە ماڵێ و لەگەڵ ئێمەدا ناشتایەکی سادە و ساکاری بنەماڵەیەکی پێشمەرگەی بن خێوەتە بۆری کرد. باوکی پێشمەرگەم ھەرچەندە خوێندەواریی نەبوو، بەڵام لە بیرکردنەوەیدا کەسی خوێندەواریش دەڕۆستی نەدەھات، ئەو لە شۆڕشدا تەمەنی گەنجی گوورابوو ھەرچەندە قەڵەمی بە دەستەوە نەبوو، بەڵام وتەکانی وتەی مرۆڤێکی خوێندەوار و بەئەزموون و تێگەیشتوو بوون.
باوکم گوتی ڕۆڵە ئەوە ڕۆژنامەی حیزبم بۆ ھێناویتەوە. وردە وردە لە بەری بنووسەوە ھەم دەست و خەتت خۆش دەبێ، ھەمیش شتی زۆر لێ فێر دەبی، بە تامەزرۆییەوە ڕۆژنامەی کوردستانم لێ وەرگرت و سپاسم کرد کە ئاوا لە فکری مندایە. بە پەلەپروزە ڕۆژنامەی (کوردستان)م لەبن ھەنگڵێ نا و لە خێوەتە بۆر ھاتمە دەرێ. پیرە دارتوویەک لە سەر کانیەکەی تەنیشتی ماڵێ بوو. دەورەکەی بە ڕەمەند ھەڵچنرابوو. لە سەر ڕەمەندەکە بە شێنەیی بۆی دانیشتیم و دەستم کرد بە ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی. لە بیری نەوجەوانیی ئەوکاتمدا وامدەزانی لاپەڕەکانی پڕن لە چیرۆکی منداڵانە و وێنەی جوان جوان.
بە زەحمەت توانیم چەند دێڕێک لە یەکەم لاپەڕەی بخوێنمەوە. ھەر چۆنێک بێت ھێندێکم خوێندەوە، بەڵام لە نێوەرۆکی ڕستەکان نەدەگەیشتم، چونکە بۆ بیری ئەوکاتی من شتێکی نامۆ بوون و لێیان حاڵی نەدەبووم، بەڵام ھاوڕێکەمم زۆر بە ژیکەڵە و جوانی ھاتەبەر چاو. ناوی “کوردستان” بوو بە جوانترین ناو کە ھێشتاش دەستەبرایەتیمان لەوپەڕی گەرمیدایە و سەرچاوەیەکی گەورەیە بۆ خۆ پەروەردەکردنم.
ھێدی ھێدی بە ھاندانی باوکم دەستم کرد بە نووسینەوەی لاپەڕەکانی. جگە لەوەی ھەستم بە خەت خۆشی خۆم دەکرد دووبارە بوونەوەی ھەندێک چەمک وای لێکردم لە بواری دەوڵەمەندیی زماندا زمانم پاراو بێت و کوردستان ببێتە یەکەم مامۆستام لە خۆشەویستی وشەی شیرینی کوردی. زۆر جاران لە بەر خۆمەوە دەمگوت تۆ بڵێی ڕۆژێک لە ڕۆژان منیش لە سەر لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردستان ناوی خۆم لەنێو ڕیزی ئەوانەدا ببینمەوە کە وتار و بابەت بۆ “کوردستان” دەنێرن. بەڵێ خۆشبەختانە ئەو شانسە گەورەیەشم بە نسیب بوو دەبێتە نزیکەی ساڵێک لە گۆشەی “بەر لە ماڵئاوایی”دا جار جار ناوی منیش ھاتۆتە نێو ناوانەوە. کە سەیری ڕۆژنامەی کوردستان دەکەم و ناوی خۆمی بەسەرەوە دەبینم لە خۆشیان شاگەشکە دەبم و خەریکە لە پێستی خۆمدا جێگەم نەبێتەوە. لە بەرخۆمەوە دەڵێم ئەوە منی کوڕە پێشمەرگەم بابەت بۆ ڕۆژنامەی “کوردستان” دەنێرم و بڵاو دەبنەوە.
ئێستاش کە دەبینم ڕۆژنامەی کوردستان مۆمی ژمارە ٨٠٠ی خۆی کوژاندۆتەوە، ھێندەی تر ئەو ھاوڕێ کۆنەی سەردەمی نەوجەوانیی خۆمم لا ئازیزتر و خۆشەویستتر دەبێ کە بێ پسانەوە لە ماوەی زیاتر لەو سی ساڵەدا مامۆستام بووەو لێی فێر بووم.
پیرۆزە ڕۆژنامەی جێی متمانە و گەورەبووی پێبەپێی ٧٥ ساڵەی تەمەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زمانحاڵی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.