باندێکی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەری ئێرانی کە لە پیتزافرۆشییەک وەک ناوەندی بڵاوکردنەوەی تریاک کەڵکیان وەردەگرت لەلایەن پۆلیسی ئوتریشەوە دەسبەسەر کران.
باندێکی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەری ئێرانی لە ئۆتریش لە پیتزافرۆشییەک وەک ناوەندێک بۆ فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی تریاک کەڵکیان وەرگرتووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی پۆلیس، بەشێک لەو ماددە هۆشبەرانە لە نێو پاکەتی پیتزادا جێسازی دەکران و بۆ کڕیاران دەگوازرانەوە کە پۆلیسی ئۆتریش دوای شەش مانگ توانیویەتی ئەو باندە ئاشکرا بکا.
پۆلیسی شاری ڤییەن ڕۆژی سێشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دۆزینەوە و ئاشکراکردنی باندێکی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەری لە جۆری تریاک ڕاگەیاند.
پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ی زایینیەوە خەریکی لێکۆڵینەوەی بەردەوام دابووین کە دوای شەش مانگ بە دواداچوون شەش کەس لەو باندە دەسبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئۆتریش، ئەو گرووپە تریاکیان لە تورکیەوە بە ماشێنی بارهەڵگر بۆ ئۆتریش گواستۆتەوە و لەوێ فرۆشتوویانە و بۆ ئاڵمانیان بەڕێ کردووە.
ئەو ماددە هۆشبەرە لەلایەن پیتزافرۆشییەک کە لەلایەن کەسێکی ئێرانییەوە دانرابوو بڵاو کراوەتەوە و لەو پیتزافرۆشییە وەک ناوەندی بڵاوکردنەوەی تریاک کەڵکیان وەرگیراوە.