پاش ئەوەیکە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە “ئیبراهیم ڕەئیسی” بەربژێری بناژۆخوازی نزیک لە خامنەیی لە ئێران بووبە سەرۆککۆمار، کۆمەڵێک لە سیاسەتوانەکانی ئەمریکایی دژکردەوەی توندیان لەسەر سەرکەتونی ڕەئیسی نیشان دا و داوایان لە دەوڵەتی “جۆ بایدێن” کرد کە کۆتایی بە دانوستان لەگەڵ ئێران بهێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی “نیۆیۆرک پۆست” لیندزی گراهام، سێناتۆری دیاری ویلایەتی کارولینای باشوور، لە وتوووێژێکدا لەگەڵ “فاکس نیوز” وتی: لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێفۆرمخوازێک بوونی نییە کە هەڵبژێردرێ، عەلی خامنەیی فاشیستێکی مەزهەبییە کە لەسەر ئێران حوکمڕانی دەکا، من نازانم بۆچی دەبێ دنیا ئیزن بە گەورەترین حکوومەتی پشتیوانی تێرۆریزم بدەن پیتاندنی ئۆرۆنیام بەرهەم بێنێ.
گراهام پێشبینی ئەوەی کرد کە، لەکاتی ژیانەوەی بەرجام، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کێبەرکێی بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵ دێتە ئاراوە و شەڕ و ئاڵۆزی پەرە دەستێنێ و وتی: گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ئاخووند و هاوپەیمانانی کارێکی شێتانەیە، ئیسرائیل بەهەموو ناوەندە سیاسییەکانییەوە لەو کارە بێزارن و عەرەبەکانیش بەهەمان شێوە، ژیانەوەی بەرجام ئەو دژبەرانەی ڕێژیمی ئێران ناجار دەکات کە بەشداری لە کێبەرکیی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بکەن، ئەوەش ژیانی مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە.
هەروەها ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی ئاخووندی سەربگرێ، کێبەرکێی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسپێدەکات و ئیسرائیل دەخەنە پەراوێزەوە بەشێوەیەک کە ناچار دەبێ لە هێزی سەربازیی کەڵک وەربگرێ.