وەزارەتی دادگووستەریی ئەمریکا، ماڵپەڕی” ئەلعالەم، پرێس تیڤی و ئەلمەسیرە”ی کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن و چەندین ماڵپەڕی دیکەی ئەو ڕێژیمەی داخست.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” ڕۆیتێرز” ڕۆژی سێشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵدەرییەکانی ئێران رایانگەیاندوە کە ئەمریکا چەندین ماڵپەڕی گرووپەکانی سەر بە ئێرانی وەکوو” ئەلمەسیرە” کە ماڵپەڕی حووسییەکانی یەمەنە داخستووە.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی ” ئەلعالەم” کە بە زمانی عەرەبیی لە تەلوڤیزیۆنی ئیران بڵاو دەبێتەوە لە کاناڵی تێلێگرامییەکەی خۆی رایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمریکایی ماڵپەڕی تەلەڤیزیۆنی” ئەلعالەم”یان داخستووە
لە دڕێژەی ڕاپۆرتەکەی هەواڵدەریی” ڕۆیتێرز”دا هاتووە کە وەزارەتی دادگووستەریی ئەمریکا رایگەیاندووە کە ئەم ماڵپەڕانە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانن و زانیاریی سیاسیی دوور لە ڕاستی لە هەموو جیهاندا بڵاو دەکەنەوە و هەربەم هۆیەوە وەزارەتی دادگووستەریی ئەمریکا ئەو ماڵپەڕانەی داخستووە.
هەروەها وەزارەتی دادگووستەریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ٩٢ ماڵپەڕی سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانی بۆ پێشگرتن لە هێرش کردنە سەر خەڵکی ئەمریکا، ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داخستووە.