کرێکارانی ئێران بە دەسپێکردنی مانگرتنێکی گشتیی ڕایانگەیاند کە دادپەروەریمان دەوێ.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە کە ڕۆژی سێشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆتەوە، کڕیکارانی ناڕازیی پیشەی نەوت وگازی ئێران بە مانگرتنێکی گشتیی وبەربڵاو لەهەموو شارەکانی ئێراندا، قۆناغێکی نوێ لە مانگرتنەکانیان دەسپێکردووە.
ئەم مانگرتنانە بەهۆی دەربڕێنی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە هەمبەر کەمیی مووچەی مانگانە، زیاد بوونی کاتژمێرەکانی کارکردن، بارودۆخی خراپی ئابووری و ژیانی قورسی کڕێکارانی ئێران لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا هاتوەتە ئاراوە.
کرێکارانی ئێرانی لەم مانگرتنەدا بە شێوەی گشتیی بە درۆشمگەلێکی وەکوو” ئێمە مافی خۆمان دەوێ” و تا ئەو کاتەی مافەکانمان دابین نەکرێ مانگرتنە گشتییەکان بەردەوام دەبێ دڕێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان داوە و دەستیان لە هەموو کارەکانیان کێشاوەتەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا” مەنسوور ئۆسانلوو” یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی نوێی سەندیکای کڕێکاری لە ئێراندا لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە بە ئاماژە بە مانگرتنە گشتییەکانی ئێستای ئێران وتی: مانگرتنی کرێکاریی لە ئێراندا پیشینەیەکی دوور ودرێژی هەیە بەڵام ئەم جارە پاش شکستی هەڵبژاردنە داسەپاوەکەی ڕێژیم و وڵامی خەڵک بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، مانگرتنە کڕێکارییەکان لە ئێراندا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ لە مانگرتنە گشتییەکان و دەبێ وڵامی ویست و داخوازییەکانی کڕێکاران بدرێتەوە.
ئۆسانلوو کە چەندین ساڵ بەهۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە سیاسەتە دژە کرێکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەندیخانەکاندا بووە لەهەمبەر مانگرتنە گشتییەکانی ئەمجارەی کڕێکاراندا وتی: ئەم مانگرتنانە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوییە کە ڕێژیمی ئێران خەڵکی بێ تاوانی سەرکوت کرد.