وڵاتی ئاڵمان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاگاداری دەور و نەخشی ڕەئیسی لە ئێعدام و سەرکوتی خەڵک لە ئێرانداین.
ئشتیڤان زایبێرت، وتەبێژی ئانگێلا مێرکێل، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسی و دەور ونەخشی خراپی ناوبراو لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی لە ئێراندا و درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: لە ئیستاوە سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەورێکی گرینگی لە وتووێژە ناوکییەکان دەبێ.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە شێوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا وتی: لەم هەڵبژاردنەدا هیچکام لە خاڵەکانی دێموکراسی ڕەچاو نەکراوە و ڕەئیسی، هەڵبژێردراوی خەڵک نییە بەڵکوو عەلی خامنەیی، ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری نوێی ئێران داسەپاندووە.
لەلایەکی دیکەوە فەرانسە، نیگەرانییەکانی خۆی لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، پاش بە دەسەڵات گەیشتنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری نوێی دەربڕی.
پێویستە بگوترێ کە ئیبراهیم ڕەئیسی کاتێک وەکوو سەرۆککۆماری ئێران دیاریکرابوو کە شۆرای نیگابان، لێوەشاوەیی و لێهاتوویی لە سەتا ٩٩ی بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری لە ئێراندا ڕەت کردبوەوە و تەنیا ٧ کەسی بە شیاو بۆ پۆستی سەورۆککۆماری ئێران زانیبوو کە لە کۆتاییدا و پێش لە هەڵبژاردنەکان ٣کەسی دیکە لە بەربژێرەکان بە قازانجی ڕەئیسی کشانەوە.