مایک پۆمپێئۆ بە ئاماژە بە هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ڕێژیم وتی: ناوبراو یەکێک لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤە و دەستی بەخوێنی خەڵکی ئێران سوورە.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپێئۆ، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی” فاکس نیوز” سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا، وێڕای ئاماژە بە وەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێژیمێک نییە کە ئەمریکا پێوەندییەکانی لەگەڵ ئاسایی بکاتەوە وتی: ئیبراهیم ڕەئیسی کەسێکە کە دەستی بە خوێنی هەزاران کەس لە خەڵکی بێ تاوان و ناڕازیی ئێران سوورە.
پۆمپێئۆ لە درێژەی وتووێژەکەدا وتی: دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆککۆماریی” دۆناڵد ترامپ” بە پێڕەوکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار و سەپاندنی گەمارۆکان بە دژی ئێران و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبیی لەگەڵ ئیسرائیل، گوشارێکی زۆری خستەسەر ڕێژیمی ئێران.
ناوبراو لەهەمبەر بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێراندا وتی: ڕێژیمی ئێران بەم کارەی دەیهەوێت گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و لەو ڕێگەوە ئیمتیازگەلێک بەدەست بێنێ.