فاییزە هاشمی: بەشداریی ژێر سەتا ٥٠ی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان جۆرێک ڕێفراندۆمە و باشتر وایە بەرپرسانی ڕێژیم سەرنجبدەن بە داواکاریەکانی خەڵک.
فاییزە هاشمی چالاکی سیاسی و کچی هاشمی ڕەفسەنجانی:” بەشدارینەکردنی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی خولی سێزدەی سەرۆککۆماریی ئێران لە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان خۆی جۆرێک ڕیفراندۆم بوو و بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێم سەرنج بدەنە ناڕەزایەتی و داواکانی خەڵکی ئێران کە بە شێوەی مەدەنی ڕایانگەیاند”.
هاشمی وتی: ئەو ڕێژەی بەشدارینەکردنە خۆی دەتوانێ ڕێفراندۆم بێ، کاتێک ئێمە دەبینین کە سەرووی سەتا ٥٠ی خەڵک لەگەڵ بابەتێک هاوڕا نین و بە شێوەیەکی دیکە ڕای خۆیان دەردەبڕن، من ئەگەر لە جێی بەرپرسان و دەسەڵاتداران بوایەم حەتمەن سەرنجی وردم بەو بابەتە دەدا کە خەڵک شتێکیتریان دەوێ کە لە ڕێگایەکی مەدەنیانە و دروست پەیامی خۆیان بە ئێمە دەگەیەنن و پێویستە ئێمە گۆڕانکاریی بە سەر سیاسەتیی دەرەوە و نێوخۆی خۆماندا بهێنین.
ئەو چالاکە سیاسییە ڕەخنەگرە گومانی خستە سەر دروستیی ئاماری هەڵبژاردنەکان و وتی: بنکەکانی دەنگدان تا دوانیوەڕۆ چۆڵ بوو و لەپڕا شەوێ بیستمان کە لە کاتژمێر ١٠ی شەو خەڵک ڕژاونە سەر سندووقەکانی دەنگدان کە ئەوەش دوور لە ڕاستییە و زانیاری و ئاماری ڕاگەیەندراو لەگەڵ ئەزموونی من یەک ناگرێتەوە و لە ڕوانگەی منەوە شتێکی تەواو ناڕاستە.