جەیک سالیوان بە پێچەوانەی لێدوانەکانی عەباس عێراقچی کە وتبووی نزیک دەبێنەوە لە ڕێککەوتنی ناوکیی ڕایگەیاند کە لە وتووێژەکاندا ئەمریکا و ئێران زۆر لەیەکتر دوورن.
جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ” ئەی بی سی نیوز” وتی: لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەندا لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران، تا ئێستاش کێشە و بیر و بۆچوونی جیاواز لە نێوان هێزە جیهانییەکان و وڵاتی ئێراندا هەیە و بڕیاردەری سەرەکیی بۆ وتووێژە ناوکییەکان لە ئێراندا خامنەییە و سەرۆککۆمار هیچ دەورێکی نییە.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا بە ئاماژە بە دەور و نەخشی یەکلایی کەرەوەی خامنەیی لە وتووێژەکاندا وتی: تا ئیستاش خاڵگەلێکی زۆر هەستیارمان ماوە بۆ باسکردن لە وتووێژەکان بۆ نموونە گەمارۆکانی سەر ئێران و بەڵێنە ناوکییەکانی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی، بەرپرسی تیمی وتووێژی ئێران لە ڤییەن، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە کە هەموو بەڵگەکان ئامادەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و تاکۆتایی دەورەی سەرۆککۆماریی ڕووحانی لە ئێراندا ڕێککەوتنی ناوکیی لە ڤییەن بە ئاکام دەگا.
هەرلەم پێوەندییەدا ڕێکخەری ئورووپایی وتووێژەکانی ڤییەن” ئێنریکە مۆرا” ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە تا ئیستاش بە هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشتووین و ماوەیەکی زۆرمان دەوێ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دڵخواز.