بنکەی ئاسمانیی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا بە دوو مووشەک کرایە ئامانج.
هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بنکەی ئاسمانیی عەینولئەسەد شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کرایە ئامانجی دوو مووشەک و ئەم هەواڵدەرییە هەروەها وتی: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین جار هێرشی مووشەکیی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە کراوتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.
هەرلەم پێوەندییەدا بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە هەواڵدەریی ” پۆلێتیکۆ”یان وتووە کە حیزبوڵای عێراق کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشیوانیی دەکرێ، ئەو هێرشانەی کردۆتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق، ڕایانگەیاند کە بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزە ئیتلاعاتییەکانی عێراق، لە هێرشێکی بەربڵاودا لە پارێزگای ئەنبار ٤ کەس لەو کەسانەی کە هێرشی مووشەکییان کردبووە سەر بنکەی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا دەسبەسەر کردووە.