ڕاگەیەندراو
لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران
هەروەک چاوەڕوان دەکرا، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، زۆربەی زۆری خەڵکی ئێران و کوردستان بە نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، پڕشکۆ و بێوێنە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە تەواوەتیی خۆیدا ڕەت کردەوە. بێگومان ئەگەر هەڵبژاردنەکانی شوڕاکانی شار و دێ کە بە مەبەستی بردنەسەرێی ئاستی بەشداریی خەڵک لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ڕێک خرابوو، لەگەڵ هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆککۆماری هاوکات نەبا، ڕێژەی بایکۆت و خۆبواردنی خەڵک لەم هەڵبژاردنانەدا زۆر زیاتر دەبوو. بەڵام بەو حاڵەش خەڵکی ئێران ئەم هەڵبژاردنەیان کرد بە ڕێفراندۆمێکی دی و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمجارە [نا]یەکی بەهێزی لە خەڵکی لە وەرگرت.
هەر لە چۆنیەتیی هێنانەپێشەوەی کەسێکی وەک ئیبراهیم رەئیسی کە ڕابردووی لەم نیزامەدا بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، تا پشتیوانیی ڕیبەری نیزام له ناوبراو و وەلانانی ڕکەبەری جیدی بۆ ناوبراو لە لایەن شوڕای نیگابانەوە، دیار بوو کە ناوی ئەو وەک سەرۆککۆمار لە سندوقەکانی بەناو هەڵبژاردندا دێتە دەر. بەڵام بەبەشداریی زۆر کەمی خەڵک، نەتەنیا دەسەڵاتی سەرکۆمار و دەوڵەتیان برده ژێر پرسیار، بەڵکو نیزامیان لە تەواوەتیی خۆیدا ڕەت کردەوە.
ئەوەندەی پێوەندیی بە کوردستانەوە هەیە، خەڵکی مافخواز و وشیاری شار و ناوچەکانی نیشتمانەکەمان، بۆ جارێکی دیکە و لێبڕاونەتر لە هەمیشە، لە ئاستێکی بەریندا هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمارییان بایکۆت کرد. ئەگەر هەڵوێستی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و [نا] گوتن به تەواویەتی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ زۆرێک لە شار و ناوچەکانی ئێران – لە ئاستی بایکۆتی ئەم جارەدا – دیاردەیەکی سیاسیی تازە بوو، بۆ خەڵکی کوردستان ئەم جۆرە هەڵوێست و بڕیارە، پاشخانێکی پڕ له شانازیی ٤٢ ساڵەی هەیە. خەڵکی کوردستان لە یەکەمین ڕێفراندۆمی ئەم نیزامە بۆ دەنگوەرگرتن بۆ یاسای بنەرەتیی وڵات کە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاوی بەڕێوە چوو، هەڵوێستی ژیرانە و سیاسییانەی تایبەت بە خۆیان گرتەبەر و به ناسینی ماهییەتی کۆنەپەرەستانەی و دژی دێموکراتیکی ئەم نیزامه، هەر لە سەرەتاوە [نا]یان به کۆماری ئیسلامی گوت.
ئێستا دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بەسەر ئەم هەڵوێسته دروست و مێژووییەی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی، ئەمجارەیان کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ئاستی سەراسەریدا ڕوویان لە سندووقەکانی بەناو دەنگدان وەرگیڕا و هەڵوێست و پەیامی سیاسیی خۆیان بەبەرچاوی دنیا بە گوێی هەمووان ڕاگەیاند، کە ئەمە جێی دڵخۆشی و شانازی پێوەکردنه.
دەستنیشانکردنی کەسێکی وەک ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆککۆمار کە باوەڕپێکراو و مۆرەی دڵخوازی عەلی خامنەیی، ڕێبەری نیزامه و پشتیوانیی باندی ئەمنیەتی و ئابووریی سپای پاسدارانی له پشته، لەوانەیە یارمەتی به یەکدەستکردنی نیزام بکا و ڕێژیم پێی وابێ لەم ڕێگایەوە دەتوانێ به سەر قەیرانه نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا زال بێت، بەڵام خوێندنەوە و ئێرادەیەک کە توانی هەڵوێستی یەکگرتووانەی ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی خەڵکی ئەم وڵاتەی لێ بکەوێتەوە – کە سەرەکیترین ئامانجی نەمانی ئەم ڕێژیمەیە – بەرانبەر بەم دەسەڵاتە تەواویەتخواز و دیکتاتۆرە، گوڕ و تینێکی تازەی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران بەخشیوە.
دروستبوونی ئەم تێگەیشتنه گشتی و جەماوەرییە، دەرفەتێکە کە پێویستە وێڕای بەهێزکردنی، بە دروستی مودیرییەت و ڕێبەری بکرێ. کە ئەمەیان ئەرکی هێز و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە شوێندانەرەکانی نێو ئەم بزووتنەوەیەیە. لانیکەم لە ماوەی دە بۆ پازدە ساڵی ڕابردوودا کەم نەبوون ئەو دەرفەتانەی کە به هۆی نەبوونی ڕێبەرییەکی متمانەپێکراو و وڵامدەرەوە، لە کیس چوون و، لەم سۆنگەیەوە خەڵک تووشی بێهیوایی بوون. بۆیە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێستای خەڵک لە ئێران دژ به کۆماری ئیسلامی، پێویسته ئەم کەمایەسییە چارەسەر بکا و، ئەگەر ئەوە نەکرێ دەرفەتەکان هەر دێن و ئاکامێکی دڵخوازیان لێ دەستەبەر ناکرێ.
هەر لەم پێوەندییەدا خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد که چەند هەنگاوێک لە پێشترن، پێویستە به خوێندنەوەیەکی دروست لە ڕووداو و پێشهاتەکان، لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا ئامادە بن و لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیاندا زیاتر لە هەمیشە یەکدەنگ و یەکگرتوو بن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان که زیاتر لە ٤٠ ساڵە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خەبات دەکا و یەکەم لایەنی سیاسیی کورد و ئێرانی بووە کە بە بایکۆتی ڕێفراندۆمی ١٣٥٨ی هەتاوی، [نا]ی به بوون و ماهییەتی ئەم نیزامە گوتووە، هاوکاریی و هاوپێوەندیی نێوان لایەن و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران به پێویست دەزانێ و لە پێوەندی لەگەڵ یەکگرتوویی و هاوکاریی بەکردەوەی نێوان حیزب و لایەنه کوردستانییەکان لە ئێران، ئامادەیی خۆی ڕادەگەیەنێ.
دواجار ئەوەی لە خەڵکی کوردستان بینیمان ئیرادەیەکی بەهێزی شۆڕشگێڕانەی دیکە لە ڕەوتی مێژووی خەباتی مافخوازانەیان بوو. ئەم ژیریی سیاسی و ئیرادەی یەکگرتووانەی خەڵکی کوردستان وزە و سەرمایەی بەبایەخی خەباتگێریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چاوی قەدر و پێزانینەوە لێی دەڕوانێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠