حوسێن هورموزی باوکی شەهید عوسمان هورموزی لە گوندی ئاڕنێ ناوچەی نەغەدە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، مام حوسێن هورموزی باوکی شەهید” عوسمان هورموزی” لە گوندی “ئاڕنێ”ی ناوچەی نەغەدە بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام حوسێن پیاوێکی نیشتیمانپەروەر و حیزب دۆست و جێگەی باوەڕ و متمانەی خەڵکی ناوچەی نەغەدە بووە و بەهۆی خۆشەویستیی بۆ گەل و نیشتمانەکەی جگەرگۆشەیەکی بەناوی” شەهید عوسمان” پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
شەهید عوسمان کە بۆ سەردان چوبووە ماڵی خۆیان لە لایەن سیخوڕێکەوە ڕاپۆرتی لێدەدرێ و جاش و پاسدارێکی زۆر ماڵەکەیان گەمارۆ دەدەن و پاش بەرگرییەکی زۆر و بێوێنە لەلایەن شەهید عوسمانەوە، بەکرێگیراوانی رێژیم بە نارنجۆک شەهیدی دەکەن و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی حیزب و گەل دەبێ و بۆ هەتا هەتایە یاد و ناوی ئەو شەهیدە ئازیزە لە بیر و هزری خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی ناوچەی نەغەدە دەمێنێتەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی مام” حوسێن هورموزی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.