دیپلۆماتەکانی ئورووپایی بەشدار لە وتووێژەناوکییەکانی ڤییەن بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە کە نیگەرانن لە هەڵبژاردنی ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆمار و دەستێوەردانەکانی لە وتووێژە ناوکییەکان.
هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری دیپلۆماتکارانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕایگەیاند کە ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی دەور و نەخشی ناوبراو لە ئێعدامی دژبەرانی رێژیم لە دەهەی ٦٠ی هەتاوی و پێشیلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە لیستی گەمارۆ نێونەتەوەییەکانی ئەمریکادایە و لە هەڵبژاردنی گوماناوی ئەم جارەی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا ئیبراهیم ڕەئیسی دەبێتە سەرۆککۆمار.
دیپلۆماتکارانی ئورووپایی سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە تائیستا وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بێ ئاکام ماوەتەوە ڕایانگەیاند کە بە هاتنی ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ئێران، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا زۆر بە قورس دەزانن.
لەلایەکی دیکەو بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە بە هاتنە سەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆمار ڕیککەوتنی ناوکیی بەئاکام ناگا و بەرپرسانی ئیسرائیلی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕەئیسی لەهەمبەر سیاسەتیی دەرەوەی ئێران و بەرنامەی ناوکیی بڕیارەکانی خامنەیی جێبەجێ دەکا.
بەرپرسانی ئیسرائیلی لە وتووێژیکدا لەگەڵ کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە بە هاتنە سەر کاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ئێران، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان جیاواز لە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران نییە.