وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ڕەئیسی، توندئاژۆیەکی خوێنمژە و داکۆکی لە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەکا بەڵام ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادا ببێتە خاوەن چەکی کۆمەڵکوژ.
یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لەهەمبەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێراندا وتی: ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری داسەپێندراوی ئێران، کەسیکی توندئاژۆیە کە داکۆکی لە بەرنامەی ناوکیی ئێران دەکا و پشتیوانی سەرەکیی تێروریزمە لە جیهاندا و دەستی بە خوێنی هەزاران مرۆڤی مافخواز لە ئێراندا سوورە.
لاپید لە درێژەدا وتی: ئێستا کە ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ئێران، دیاریکراوە، ئیسرائیل لە پێشوو زیاتر هەوڵ دەدا کە پێش لە گەیشتنی ئێران بە چەکی کۆمەڵکوژ بگرێ و بەهەموو جۆرێک بەرەنگاری ئەو رێژیمە دەبینەوە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتی وەرگرتنی پوستی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە بە هیچ جۆرێک ئیزن نادەن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی وتی: واژۆکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێراندا یەکێک لە کارەساتبارترین ڕێککەوتنەکانی مێژووی جیهانە.