ئەگنێس کالامار، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی جینایەتەکانی بەدژی خەڵکی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەبێ لێکۆڵینەوەی لێبکرێ و سزا بدرێ.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئیبراهیم ڕەئیسی، بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و دەور و نەخشی ناوبراو لە کوشتن و ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی و سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا لە لیستی گەمارۆ نێونەتەوەییەکاندایە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیک ڕایگەیاندکە؛ ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئێران چاوەڕوانکراو بوو و بەجێگەی ئەوی کە ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی جینایەتەکانی لەدژی مرۆڤایەتیی، کوشتن، بێسەروشوێن کردن و ئەشکەنجە و کپکردنی دەنگی ناڕازییان لێکۆڵینەوەی لێبکری و سزا بدرێ بوو بە سەرۆککۆمار و ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخا کە لە ئێراندا سزای جینایەتکارەکان و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ نادرێ بەڵکوو پلەیان بەرزتر دەبێتەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێ کە چۆن ئیبراهیم ڕەئیسی ئەندامی”هیئەتی مەرگ” لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا بڕیاری بێسەروشوێن کردن و لەسێدارەدانی دژبەرانی سیاسیی ڕێژیمی ئێرانی لە بەندیخانەکانی ئێراندا داوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیدا هاتووە کە؛ ئیبراهیم ڕەئیسی، وەکوو بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران، بەرپرسی سەرکوتی هەزاران خەڵکی ناڕازی و ئاشتیخواز و کوشتن و لە سێدارەدانی خەڵکی بێ تاوانی ئێرانە.