ناوەندە و گڕووپەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە جیهان لە نامەیەکدا هۆشدارییان بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی داوە کە، نابێ خەڵکی ئێران لە مافی بەکارهێنانی ئینتێرنێت بێبەش بکرێن و دەبێ ئەو مافەیان پارێزراو بێ.
٤٥ ڕێکخراو و گرووپی بەرگریی لە مافی مرۆڤ لە نامەیەکی سەرئاواڵەدا ڕوو بە عەلی خامنەیی و حەسەن ڕووحانی، ڕێبەر و سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، نووسیویانە: لە ئێران کەشی گشتی بەتوندی لەلایەن دەسەڵاتەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و لە بەرێوەچوونی هەر کۆبوونەوەیەکی گشتی، هاووڵاتیانی ئێرانی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕادەربڕینی ئازادانە، بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماریدا هەیە، بۆیە ڕێژیمی ئێران نابێ هاووڵاتییان لە مافی ئینتێرنێت بێبەش بکا.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ئاماژە بە هەڕەشەگەلێک کراوە کە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە حەوتووەکانی ڕابردوودا کراوە و وتراوە؛ بەرپرسانی پلەبەری ڕێژیم پەیوەندییان بە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسەوە گرتووە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە ڕەخنەگرتن لە “ئیبراهیم ڕەئیسی” خۆ بپارێزن، هەر لەو نامەیەدا داوا لە بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی کراوە کە دەبێ هەموو هاووڵاتییان دەستیان بە ئینتێرنێت ڕابگات و ئەوە مافی سەرەکیی خەڵکی ئێرانە و نابێ ئەو مافەیان لێ زەوت بکرێ