بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە، دەوڵەتی جۆ بایدێن دەیهەوێ، گەیشتن بە ڕێککەوتنی بەرجام لەماوەی ٦حەوتووی داهاتوودا لەگەڵ دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی کۆتایی پێبێنێ.
ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ماڵپەڕی هەواڵی “ئاکسیوس” ڕایگەیاند کە بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەمریکایی وتی: ئەگەر دانوستانەکان تا مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ و تا ئەو کاتەی کە دەسەڵاتی سەرۆککۆماریی لە ئێران ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ، درێژەی هەبێ، لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەرێنی نیگەرانییەکی زۆر و جیددی دێنێتە ئاراوە و کۆماری ئیسلامیش گرینگی بەو ڕێککەوتنە نادا بەڵکوو تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە.
هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە ئەوەشی زیاد کرد کە، هۆکاری نیگەرانییەکان ئەوە نییە کە دەوڵەتێکی دیکە دوای ڕۆحانی بێتە سەرکار و لەگەڵ ئەو دژوارتر بتواندرێ درێژە بە دانوستانەکان بدرێ بۆ ژیانەوەی بەرجام، بەڵکوو ڕێژیمی ئێران دەیان سەرۆکۆماریش بگۆڕێ هەمان یاسا پەیڕەو دەکا، مەگەر ئەوەیکە بە یەکجاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەناو بچێت، هەربۆیە تا دانوستانەکان بەرەو پێش نەچن، شانسی سەرکەوتن کەمترە.
ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێ، ئەوەشی خستەڕوو کە، کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەی کە دانوستانەکان لە ڤیەن دەستی پێکردووە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەناوە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئەمریکا گەمارۆکانی کەم بکاتەوە.