کتێبی “ڕاسی ناوچەی لەیلاخ” لەلایەن نووسەری کورد “ئیبراهیم ئەحمەدی” وەکوو پڕۆژەیەکی توێژینەوەیی لەلایەن توێژینەوەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستانەوە، لە چاپ دراوە.
ئەم کتێبە سێ بەرگییە کە ١٧٠٠ لاپەڕەیە، پێکهاتووە لە چیرۆک و ئەفسانەگەلی ناوچەی لەیلاخ کە ۳۳۷ چیرۆکی لە خۆوە گرتووە کە بۆ وتنەوەی ئەم چیرۆک و ئەفسانەگەلە ۱۰۶ حیکایەتبێژ و ڕاستبێژیی ناوچەی لەیلاخ بەشدارییان کردووە کە بوونەتە هەوێنێک بۆ بەپێزترکردنی ئەم بەرهەمە و گیانێکی دووبارە بە ڕۆحی فۆلکلۆری کوردیدا.
نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەڵێ: “چیرۆک و ئەفسانە ڕەنگدانەوەی بیر و باوەڕ، هیوا و ئاواتەکانی خەڵکن و سینگ بە سینگ و بەرەبەرە گوێزراونەتەوە و پاڵپشتیی پتەوی ئەدەبی ئاکاری و کۆمەڵایەتین.
ناوەرۆکیان پڕە لە بنەماکانی دۆستی و دادپەرەوەری و ڕنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتین و کۆمەڵێک جیهانبینی خەڵکیان لەنێو دڵی خۆیاندا حەشار داوە. هەر بەم هۆیەوه، لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە وەکوو دەروونناسی و جیاوازییە زمانییەکان و کۆمەڵناسی، دەتوانین لێکیان بدەینەوە”.
شایانی باسە کە ئیبراهیم ئەحمەدی وەک لێکۆڵەرێکی بواری وێژەی زارەکی و فۆلکلۆر چەندین بەرهەمی بەپێزی لەم بوارەدا کۆ کردووەتەوە و چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.