دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییەکان لە واشێنگتۆن، بە ڕەخنەگرتن لە قسەکانی ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەهەمبەر نەمانی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئێران و ئەگەری ئەوەی کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە لیستی گەمارۆکان بێتە دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دەبێ گەمارۆکانی سەر ئیبراهیم ڕەئیسی بەردەوام بێ.
ئەم دامەزراوە لە بەیاننامەکەی خۆیدا بە ئاماژە بە پیشێنەی ڕەئیسی بۆ لە سێدارەدانی دژبەرانی سیاسیی لە ئێران لە کاتی بەرپرسایەتیی ڕەئیسی وەکوو بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران، رایگەیاند کە ڕەئیسی، یەکێک لەو کەسانەیە کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکا و نابێ لە لیستی گەمارۆکان بێتەدەرەوە.
ڕەئیسی لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرپرسایەتیی گرینگی قەزایی وەکوو دادئەستێنی کەرەج و هەمەدان و دادئەستێنی دادگای ئینقلابی ئێران لە کۆتاییدا لە ساڵی ٨٩ی هەتاوییەوە وەکوو بەرپرسی دەزگای قەزایی لە ئەستۆبووە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ڕەئیسی، ئەندامی هەیئەتی مەرگ و لە سێدارەدانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی لە ئێران بووە کە دەستی بە خوێنی سەدان کەس لە دژبەرانی ئەو رێژیمە سوور بووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا بە تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەین کە بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، وەکوو سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران ناوبراو لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا بمێنێتەوە.