دوو ژنی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار دوای ٤٥ ڕۆژ ڕاگیران لە گرتنگەی ئیتلاعات بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرانەوە.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەر یەک لە سەفیە مامووشی پوور و گوڵاڵە مورادی، خەڵکی پیرانشار دوای ١٤ ڕۆژ مانەوە لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ورمێ بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانە گوازراونەتەوە.
سەفیە مامووشی پوور تەمەن ٤٨ ساڵ و گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٧ ساڵ، هاوژین و دایکی زاوای عوسمان حاجی حوسێنی، کادری سپای پاسدارانن کە شەوی هەینی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە جاددەی کۆنی زیویەی پیرانشار کوژرا.
گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە و سەفیە مامووشی پوور ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پیرانشار دەسبەسەر و بۆ ورمێ گوازرانەوە.
جێگای ئاماژەیە کە دوو کوڕی گوڵاڵە مورادیش بە ناوەکانی تاهیر بەزازی (زاوای عوسمان حاجی حوسێنی) و مەتین بەزازی تەمەن ١٤ ساڵ هەر لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کرابوون کە پاش ماوەیەک ئازاد کراون.