قادر شێروان ناسراو بە “قادر مامە”، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە ناوچەی شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک قادر شێروان ناسراو بە “قادر مامە’ بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک قادر پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران دێتە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دەبێت بە پێشمەرگە و لە هێزی بەرگریی ئەوکات سازمان دەدرێت، کاک قادر وەک قارەمانێک لە چەندین عەمەلیاتدا بەشداری دەکات و نێوبانگی لەنێو هاوسەنگەرانی بڵاو دەبێتەوە.
کاک قادر پاش چەند ساڵێک لەسەر داوای حیزب بەهۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەی پێویستیان هەبوو کەسێک سەرپەرەستییان بکا و بژیوی ژیانیان دابین بکا، گەڕاوە ناو خێزانەکەی و وەک کەسێکی وەفادار بە رێبازەکەی تا دوایین ساتەکانی ژیانی مایەوە و تەنیا ئاواتی سەرکەوتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕزگاریی خاکی پیرۆزی کوردستان و گەلەکەی بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک “قادر شێروان” سەرە خۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.