خامنەیی وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان وتی: دژبەرانی نێوخۆیی وڵات هەوڵ دەدەن بەهەموو جۆرێک کۆماری ئیسلامی لاواز بکەن.
عەلی خامنەیی لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای هەڕەشە لە دژبەرانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی وتی: ئەو کەسانەی کە هەڵبژاردنەکان لە نێوخۆدا بایکۆت دەکەن بە قسەی نابەجێ و درۆکردن دەیانهەوێت کۆماری ئیسلامی لاواز بکەن ئەمە ڕێگە پێدراو نییە.
ناوبراو ڕوو لەو کە سانەی کە ڕەخنە لەو بەربژێرانە دەگرن کە لە ڕێکخراوەکانی ژێر چاوەدێری ڕێبەردا خزمەت بە ئێران دەکەن وتی: ئەو کەسانەی کە بەدرۆ و چەواشەکارییەکانیان لە ڕۆژنامەکان و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هێرش دەکەن سەر بەربژێرەکان و شۆرای نیگابان، کەسانێکی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و تەنیا لەبەر لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ئەو قسانە دەکەن و دەزانن کە ئەگەر خەڵک دەنگدانەکان بایکۆت بکا، ئێران تووشی قەیران و شۆڕش و نائەمنی دەبێتەوە و لەو ڕێگایەوە ئێران پڕ دەکەن لە نەیاران ودژبەرانی کۆماری ئیسلامی.
خامنەیی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: گلەیی و گازندە و ڕەخنەکانی خەڵک لەهەمبەر بارودۆخی خراپی ئابووری ئێران لە جێگای خۆیدایە و من قەبووڵی دەکەم بەڵام بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان ڕێگەپێدراو نییە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ناڕاستەخۆ هێرشی کردەسەر کاناڵێکی تەلەڤیزیۆنی فارسی لە دەرەوەی وڵات و بە ناوبردنی ئەو کاناڵە بە تەلەڤیزیۆنی ٢٤ کاتژمێری وتی: ئەو کاناڵە لە دەرەوەی وڵات خەڵک هاندەدا بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا.