ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئاڵمان سەبارەت بە زیادبوونی چالاکیی هەکێرەکانی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتنی بە زانیاریی مووشەکی و چەکی ناوکیی، هۆشداری دەدەن.
ئاژانسی زانیاریی فیدراڵی ئاڵمان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە هەکێرە ئێرانییەکان بۆ دەستپێڕاگەیشتنی نایاسایی بە زانیاریی مووشەکی و چەکی ناوکیی و هەڕەشەی ئەمنییەتیی لە کۆماری فیدراڵی ئاڵمان، چالاکییەکانی خۆی زیاد کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە کە بە لە بەردەستدابوونی کۆکردنەوەی بەڵگەی یەک ساڵی رابردوو، سەلماووە کە ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانی کردنی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی حیزبوڵا و حەماس، لە ئاڵمان چالاکییەکانی خۆی زیاتر کردووە و هێرشی سایبێریی هەکێرە ئێرانییەکان بۆ سەر ئورووپا و ئەمریکا زیادی کردووە.
دەوڵەتی ئاڵمان ڕایگەیاند کە ساڵی ڕابردوو هێرشێکی سایبێری ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر کۆنفرانسی ئەمنییەتیی مونیخ پووچەڵ کردۆتەوە کە لەم هێرشە سایبێرییەدا هەکێرەکانی ئێران بە ناوی گرووپی” فوسفۆڕ” بە ناردنی ئیمەیلی ساختە بۆ سیاسەتوانان و کارناسانی ڕێکخراوە مەدەنییە نێونەتەوەییەکان، داوایان لەو کەسانە کردبوو کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بە شێوەی ئانلاین لە کۆنفرانسەکاندا بەشداریی بکەن.