تێکهەڵچوونێکی قورسی چەکداری لە بەرزاییەکانی “سەوڵاوا”ـی مەریوان، لەنێوان هێزە داگیرکەرەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردی هاتە ئاراوە و تۆپخانەکانی سپای پاسدارانیش بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیان تۆپباران کردووە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، تێکهەڵچوونێکی قورسی چەکداری لەنێوان هێزە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران و هێزێکی کوردی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە بەرزاییەکانی ناوچەی سەوڵاوا هاتووەتە ئاراوە و ئەو تێکهەڵچوونە لە بەرزاییەکانی نێوان گوندەکانی “پایگەلان، دزەوەن و سوورەتوو” ڕووی داوە و هاوکات تۆپخانەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران کە لە گوندی سوورەتوو جێگیر کراون، بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیان تۆپباران کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو تێکهەڵچوونەدا کوژراو هەبووە و لانیکەم ٩ ئەندامی سپای داگیرکەری پاسدارانیش بریندا کراون و لە ئاکامی تۆپبارانی هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران، زیانێکی زۆر بە زەوی کشتوکاڵ و باخ و مووچەی خەڵکی ناوچەکە کەوتووە.