ژنێکی پەناخوازی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی “مێهری نەبیزادە” لە کاتی ڕۆیشتن بۆ وڵاتی یۆنان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، مێهری نەبیزادە، ژنێکی پەناخوازی خەڵکی سەردەشت، تەمەن ٢٧ ساڵ لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ وڵاتی یۆنان بە مەبەستی پەنابردن بۆ وڵاتانی ئورووپایی، بەهۆی دووری و سەختی ڕێگا و ماندوویەتی زۆرەوە، جەڵتەی دڵ لێیدا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مێهری نەبیزاده لەگەڵ هاوژین و دوو کچە ٤ و ٧ ساڵانەکەی لە سنووری ویشکانی تورکیەوە بەرەو یۆنان ڕۆیشتوون و بەهۆی دووری ڕێگاکە و ماندوویەتی، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١١پەناخوازی کورد کە لە کوردستانەوە ویستوویانە خۆیان بگەیننە وڵاتانی ئورووپایی گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیە ٩ کەسیان خەڵکی شاری سەردەشت بوون.