محەممەد ئیسلامی، وەزیری شارسازی ڕێژیم، لە سەردانەکەی بۆ دەمێشق، جەختی لەسەر هاوکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئاوەدانکردنەوە و هاوکاریکردنی سووریە کردەوە.
محەممەد ئیسلامی وەزیری شارسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردان، لە سەردانێکی چوار ڕۆژە بۆ سووریە، جەختی لەسەر هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد بۆ ئاودانکردنەوە و برەوپێدانی هاوکاریی دوو لایەن کردەوە و وتی: ئێمە هەموو ڕێگەیەکمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریە لە دەستووری کاریی خۆماندا داناوە.
ڕێژیمی ئێران لە ماوەی یەک دەی ڕابردوودا پشتیوانی سەرەکی بەشار ئەسەد بووە و لە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی ئەو وڵاتە لەدژی دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەستی باڵای هەبوو و لە شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە کە بوو بەهۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سووریە، ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە و ئێستاکەش بە پێچەوانەی خواستی خەڵکی ئێران، تێچووی بەشێکی بەرچاو لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی سووریەی خستۆتە ئەستۆی خۆی.
شایانی باسە کە فەلاحەت پیشە، نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیم لە مانگی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاویدا وتبووی: کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ٢٠ تا ٣٠ میلیارد دۆلاری لە سووریە خەرج کردووە.