گرووپی میلیشیای” عەسائێبی ئەهلی حەق” کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانن دەڵێن: هێرشەکانمان تەنیا لە کاتێکدا ڕادەوەستێنین کە ئەمریکا لە عێراق بچێتەدەرەوە.
قەیس خەزعەلی، ڕێبەری گرووپی” عەسائێبی ئەهلی حەق” سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وتی: ئەگەر هێزکانی ئەمریکا لە عێراق نەچنەدەرەوە هێرش دەکەینە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
خزعەلی بێگوێدان بەوەیکە دەوڵەتێک لە عێراقدا بوونی هەیە، ڕایگەیاند کە فەرمانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا پێشتر دراوە و هێزەکانی عەسائێب بێگوێدان بە هەڕەشەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی عێراق، ئامادەن کە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە فالح فەیاز، بەرپرسی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکی سەر بە بزوتنەوەی “ئەلنوجەبا” جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێزکانی ئەمریکا دەبێ لە عێراق بچنەدەرەوە و بە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا سەروەریی بۆ خاکی عێراق دەگەڕێتەوە.
پێویستە بگوترێ کە ئەم هەڕەشە و داواکارییانەی میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، پەیمانی هاوکاریی ئیستراتیژیکی لەگەل ئەمریکا واژۆ کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا خاکی عێراق بەجێبهێڵن.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە حەوتووی ڕابردوودا گرووپی میلیشیای” ئەلنوجەبا” ڕایگەیاند کە گرووپگەلێکی نوێی چەکدارمان بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق پێکهێناوە و عەلی ئەسەدی، بەرپرسی ئەو گرووپە چەکدارەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەکانی نێوخۆیی ئێران وتی: ئێمە بە هەموو هێز و توانامانەوە هێرش دەکەینە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراقدا.