لوید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پێوەندییەکەی تەلەفۆنیدا لەگەڵ، بێنی گانتس، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا پێبەندە بە بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی ئیسرائیل.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا” پێنتاگۆن” لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەردەوامە لە هاوکاریی و بەڵێنەکانی لە هەمبەر پاراستنی ئیسرائیل و هەروەها لە پێوەندییەکیی تەلەفۆنیدا ” لوید ئاستین” وەزیریی بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ” بێنی گانتس” وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتی: ئەمریکا بە هاوکاریی ئیسرائیل ڕووبەڕووی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێتەوە و ئیزن نادا بە هیچ شێوەیەک ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
هەرلەم پێوەندییەدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ” بێنی گانتس” پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا، پێش لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەگرن و ئیزن نادەن کە ئەو رێژیمە تێرۆریستە ببێتە خاوەن چەکی کۆمەڵکوژ.
لەلایەکی دیکەوە” یائێر لاپید” وەزیری نوێی دەروەی ئیسرائیل لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی خۆیدا وتی: ڕیککەوتنی ناوکیی واژۆکراو لەگەڵ ئێراندا یەکێک لە کارەساتبارترین ڕێککەوتنەکانە و ئیسرائیل هەموو هەوڵ و هێزی خۆی وەگەڕ دەخا کە ئیزن بە ئێران نەدا ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.