دوو سووتەمەنیبەری بەلووچ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لە شاری میرجاوە کوژران و برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو سووتەمەنیبەری بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپا لە میرجاوە کوژران و برینداربوون و چالاکانی بەلووچ ڕایانگەیاندووە کە ئەوکەسەی کوژراوە ناوی سەعید شاهۆزێهی خەڵکی زاهیدانە و ناسنامەی کەسە بریندارەکەش تائێستا ئاشکرا نەبووە.
ئەم دوو سووتەمەنیبەرە لە کاتی گواستنەوەی سووتەمەنیی، بۆ “ڕیگ مەلێک”ی شاری میرجاوە بە بێئاگادارکردنەوە لەلایەن چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکراوە کە کەسێکیان کوژراوە و ئەو کەسەکەی دیکەش بە توندی بریندارە.
چالاکانی بەلووچ هەروەها ڕایانگەیاندوو کە پاش کوژران و برینداربوونی ئەو دوو سووتەمەنیبەرە، خەڵکی ڕیگ مەلێک بە تایبەتیی ژنانی بەلووچ ڕووبەڕووی هێزەکانی سپای پاسداران بوونەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی سپا تەقەیان لە خەڵکی ئەو ناوچەیە کردووە.