لە کاتێکدا کە عەلی خامنەیی و بەرپرسانی باڵای ڕێژێمی ئێران، داوا لە خەڵک دەکەن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، خەڵکی ئێران لە سەر ئەو باوەڕەن کە هیچ ئاڵوگۆڕێک لە ڕێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە لە ئارادا نییە.
هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێس، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا نووسی؛ خەڵکێکی زۆر کەم لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێراندا بەشدار دەبن و لە سەر ئەو باوەڕەن کە بە دەنگدان وڵاتی ئێران لە قەیران ڕزگار دەکەن، لە لایەکی دیکەوە زۆربەی خەڵکی ئێران تەنانەت سیما ناسراوەکانی ئێران دەڵێن: دەنگ نادەین و هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە.
ئاسۆشیتێدپرێس لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا دەنووسێ: زۆربەی هەر زۆری خەڵکی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە هیچ جیاوازییەکی نییە کە کێ دەبێ بە سەرۆککۆمار هەرکەس بێت درێژەدەری سیاسەتی سەرکوت، کوشتن، زیندان و ئەشکەنجەیە بۆیە هیوامان بە دەنگدان نییە و دەنگدان بایکۆت دەکەین.
ئەم هەواڵدەرییە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: خەڵکی ئێران هیواخوازن کە وڵاتێکی دێموکرات و بە دوور لە ئێعدام، زیندان، سەرکوت و تێرۆریان هەبێ و هەموو پێکەوە بە ئاشتی تەبایی بژین و ناچار نەبن کە ئێران بە جێبهێڵن و ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە بکەن.