له درێژه‌ی مان گرتن و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی چین و توێژ جۆربه‌جۆره‌كانی كوردستان، خه‌ڵكی ناڕازی له ٥ حاڵه‌تی جیاوازدا له شاره‌كانی سنه و كرماشان، تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان ده‌ربڕی.
له شاری سنه كۆمه‌ڵێك له خوێندكارانی زانكۆی ئازاد، پاش ئه‌وه‌ی كه به بیانووی تێ نه‌كردنی پاره‌ی شه‌هریه‌ی تێرمی پێشوو، ڕێگه‌یان پی نه‌درا خۆیان ناونووس بكه‌نه‌وه، بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له بابه‌ت ئه‌م مه‌سه‌له و هه‌روه‌ها پێ نه‌درانی وامی شه‌هریه له‌لایه‌ن زانكۆوه، بۆ نیشان دانی ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان وڕێ خست.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كۆمه‌ڵێك له كرێكارانی خانووبه‌ره له كرماشان بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له بابه‌ت نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی له لایه‌ن ڕێكخراوی دابین كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی، له به‌رده‌م ئه‌م ئیداره‌یه له شاری كرماشان كۆ بوونه‌وه و داوای چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی خۆیان كرد.
هه‌روه‌ها گرووپێكیش له كرێكاران و كارگێڕانی شیركه‌تی به‌رهه‌م هێنه‌ری “گاماسیاب”ی كرماشان بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین سه‌باره‌ت به ده‌ركرانی له‌ناكاویان له‌م شیركه‌ته، له جاده‌ی كرماشان – سنه، كۆبوونه‌وه و داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ كاره‌كانیان كرد.
ده‌سته‌یه‌كیش له پزیشكه‌كانی كرماشان له بابه‌ت سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له ڕێكخراوی نیزام پزیشكی و كارشكێنییه‌كانی ده‌ستوپێوه‌ندییه‌كانی ڕێژیم بۆ پێدانی مۆڵه‌تی دامه‌زراندنی مه‌ته‌ب، له به‌رده‌م زانكۆی زانسته پزیشكییه‌كان كۆ بوونه‌وه.
هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێكیش له كرێكارانی شاره‌داریی ناوچه جۆربه‌جۆره‌كانی كرماشان بۆ نیشان دانی تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان له بابه‌ت پێ نه‌درانی مووچه‌كانیان له به‌رده‌م شاره‌داریی ناوه‌ندیی كرماشان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان پێك هێنا و داوایان كرد ده‌سبه‌جێ مووچه و هه‌قده‌سته داوكه‌وتووه‌كانیان پێ بده‌ن.