له شاری مه‌ریوان ژنێكی دووگیان له ڕێگه‌ی خۆسووتاندن كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی موكریان، به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌به‌كه‌ی بێهداشت و ده‌رمانی مه‌ریوان ڕایگه‌یاندووه ژنێكی دووگیانی ته‌مه‌ن ٢٦ ساڵه كه خه‌ڵكی یه‌كێك له ئاواییه‌كانی به‌شی سه‌رشیوی ئه‌م شاره بووه، خۆی سووتاندووه و به‌م هۆیه‌وه وێڕای كۆرپه‌ی نێوزگی گیانیان له ده‌ست داوه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، دوكتور هوشیار سایهمیری، به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌به‌كه‌ی بێهداشت و ده‌رمانی مه‌ریوان وێڕای ڕاگه‌یاندن و پشتڕاست كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه، گوتی: ژنێكی ٢٦ ساڵه‌ی دووگیان خه‌ڵكی ئاوایی دهبنیادی سه‌رشیوی مه‌ریوان كه خۆی سووتاندبوو، به‌هۆی قووڵیی برینه‌كانی به‌خۆی و به كۆرپه‌ی نێو زگی گیانیان له ده‌ست دا.
هه‌رچه‌ند به‌پێی قسه‌ی سه‌رچاوه پزیشكییه‌كانی مه‌ریوان ئه‌م ڕووداوه به خۆسووتاندن ڕاگه‌یه‌ندراوه، به‌ڵام تا كاتی ڕوون بوونه‌وه‌ی نه‌تیجه‌ی پزیشكی قانوونی ناتوانن به ڕوونی بڵێن هۆكاری ئه‌م ڕووداوه چی بووه.