ئێران داوای یارمەتیی ماڵی لە خاچی سوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی ویشکەساڵی دەکا
حەسەن ئێسفەندیار، بەرپرسی گشتی مانگی سووری ئێران، هەواڵی داواکاری یارمەتیی یەک میلیۆن فرانکی لە خاچی سووری جیهانیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ویشکەساڵی پشتڕاستکردەوە.
حەسەن ئێسفەندیار، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە ئاماژە بە ویشکەساڵیی قورس لە ٤ پارێزگای ئێراندا وتی: لەم پێوەندییەدا داواکارییەکمان لە ژێرناوی سەندووقی یارمەتیی پێویست بەدەست گەیشتووە کە ٤ پارێزگای ئێران وەکوو پارێزگاکانی” خوراسان، کرمان، هورموزگان و سیستان و بەلووچستان” کە ڕووبەڕووی ویشکەساڵی قورس بوونەتەوە هاوکاریی ماڵی بکرێن.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لەم چوارچێوەیەدا گەڵاڵەیەکمان ئامادە کردووە و داوای یەک میلیۆن فرانکمان وەکوو یارمەتیی ماڵیی لە خاچی سووری جیهانیی کردووە کە لانیکەم بتوانین ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو ناوچانە دابین بکەین.
هەرلەم پێوەنییەدا”ئەحەد وەزیفە” بەرپرسی ناوەندی نەتەوەیی ویشکەساڵی و بەرپرسی قەیرانی ڕێکخراوی کەشناسی ئێران دەڵێ: ویشکەساڵیەکی چاوەڕواننەکراو هەموو ئێران دەگرێتەوە و ساڵی ١٤٠٠ ساڵی ویشکەساڵی ئێرانە.
وەزیفە بە ئاماژە بە کەمیی باران و بەفر بارین و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان وتی: لە ئێستادا دەتوانین بلێین کە زۆربەی ناوچەکانی ئێران لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران لە قەیرانی کەمئاویدان و کەمبوونی بارینی باران و بەفر تەنانەت شوێن پێی لە سەر دابینکردنی ئاوی خواردنەوە داناوە.
هەرلەم پێوەنییەدا بەرپرسانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران دەڵێن: ئێران هاوینێکی سەخت و قورسی لە پێشە و بە ئەگەرێکی زۆر دەبێ ئاو و کارەبا لە نێوان خەڵکدا دابەش بکرێ.